شەڕە گەورەكە لە ئیدیل دەستی پێكرد

ئیدیل-KDP.info- لە دوێنێ شەوەوە شەڕێكی سەخت لە شارۆچكەی ئیدیل لە نێوان پەكەكە و سەربازانی توركیا دەستی پێكردوە.
(ئیدیل) كە سەر بە شاری شرناخە، تائێستا پەكەكە تێیدا باڵادەستە و ٤٠٠ خەندەقیان تێیدا هەڵكەندووە، بۆیە توركیا دەیەوێت ئەو خەندەقانە دابخات و، بۆ ئەمەشیان هێزێكی گەورەی ئامادە كردوە و، لە دوێنێشەوە شەڕ بەردەوامی هەیە.
دانیشتوانی ئیدیل ٢٥ هەزار كەسە و، تائێستایش ٢٣ هەزار كەس ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێهێشتوە و، تەنیا ٢ هەزار كەس لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، بە گوێرەی زانیارییەكان زۆربەی خەڵكەكە بۆ گوندەكانی دەوروبەری ئیدیل كۆچیان كردوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیای توركیا، وەزارەتی بەرگری توركیا لە دوێنێوە هێز بۆ ئیدیل دەنێرێت و، دەیەوێت وەكو جەزیرە لەوێشدا پەكەكە بخاتە دەرەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پەكەكە هێزێكی باڵای لەوێدا هەیە و ٤٠٠ خەندەقی هەڵكەندوە، بۆیە وا بە ئاسانی ناتوانێت ئامانجی خۆی بپێكێت.
شەڕی گەورەی توركیا و پەكەكە لە ناوچەی سوور و هەكاری نییە، بەڵكو شەڕە گەورەكە دەكەوێتە شارۆكەی ئیدیل و، كاریگەری ئەو شەڕە لەسەر ناوچەی (یوكسەك كۆڤە)ـیش دەبێت، چونكە چەند كیلۆمەترێك لە ئیدیلەوە دوورە.
كارزان گلی




