هەیکەل "بە حەقی زانیوە کورد دەوڵەت بێ"

میسر-KDP.info- دوای ململانێی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، ئه‌مڕۆ (محه‌ممه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل) نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی میسری له ته‌مه‌نی 93 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. له‌به‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ئاو له ناو سییه‌كان و سستبوونی كاری گورچیله‌كانی، ماوه‌ی سێ هه‌فته‌بوو، باری ته‌ندروستی محه‌مه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل تێكچووبوو.
(محه‌ممه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل) له ساڵی 1923 له گه‌ڕه‌كی حوسێن له باشووری قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر له دایك بووه، باوكی بازرگانی دانه‌وێڵه بووه، ئاره‌زووی كردووه كوڕه‌كه‌ی ببێته پزیشك، به‌ڵام قه‌ده‌ر كوڕه‌كه‌ی بۆ ناو كاری رۆژنامه‌وانی راكێشا، سه‌ره‌تا چووه به‌ر خوێندنی ناوه‌ندیی بازرگانی.
(محه‌ممه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل) بڕیاری دا، په‌ره به تواناكانی خۆی بدات و ئاره‌زووه‌كانی بۆ كاركردن له رۆژنامه‌وانی بێنێته‌دی، بۆیه به‌رده‌وامبوو له خوێندنه‌كه‌ی له به‌شی ئه‌وروپی له زانكۆی ئه‌مریكی، ئه‌وه‌ش بوو گۆڕانكاریی له ژیانیدا كرد.
(محه‌ممه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل)، رۆژنامه‌نووس (سكۆت واتسۆن ناسی) كه رۆژنامه‌نووسێكی به‌ناوبانگ بوو له رۆژنامه‌ی (ئیجیپشیه‌ن گازیت)، كه رۆژنامه‌یه‌كی میسری بوو و به زمانی ئینگلیزی ده‌رده‌چوو، له 8ی شوباتی 1942 وه‌ك رۆژنامه‌نووسێكی مه‌شقپێكراو له‌و رۆژنامه‌یه ده‌ستی به‌كار كردووه.
(محه‌مه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل) رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و سیاسیش بوو، چه‌ندین كتێبی ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت نووسیوه، هه‌روه‌ها دیدار و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی جیهان ئه‌نجام داوه، یه‌كێك بوو 11 گرینگ‌ترین رۆژنامه‌نووسه‌كانی جیهان، كه كتێبه‌كانی وه‌رگێردراونه‌ته سه‌ر 31 زمان.
"كورد مافی خۆیانه ده‌وڵه‌تیان هه‌بێت"
له گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (ئه‌لسه‌فیر) لوبنانی، له 21 ته‌ممووز 2015، (محه‌مه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل) رایگه‌یاند: "كورد مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی هه‌یه".
هه‌یكه‌ل گوتیشی: "كورده‌كان كێشه‌ی گه‌وره‌ن بۆ عێراق، له هه‌وڵه‌كانیان جیددین بۆ به‌دیهێنانی داواكانیان به چاوپۆشین له‌وه‌ی كه ئه‌وان له‌سه‌ر حه‌قن یان نا؟".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردبوو: "بنه‌مای ده‌وڵه‌تی كوردی له‌سه‌ر ئه‌رز هه‌یه و زۆر ئه‌سته‌مه رێگری له دامه‌زراندنی بكرێت، ئه‌گه‌ر بتوانیت رێگرییان بیت، بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ كورده‌كان به‌ره‌و رووت ده‌وه‌ستنه‌وه".
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ناوداره‌ی عه‌ره‌ب ئه‌وه‌شی گوت: "له‌ڕاستیدا كورده‌كان مافی خۆیانه ده‌وڵه‌تێكیان هه‌بێت كه نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌یان بكات به زمان و دابونه‌ریت و رۆشنبیرییان."




