عارف ڕوشدی لە وەڵامی عەبادیدا: ئێوە قوڕگی خەڵکی کوردستانتان گرتووە
بهغدا-KDP.info- (عارف ڕوشدی) راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەداتە بەر ڕەخنەوە و دەڵێت، "تاکەی باوەڕتان پێبکەین".
(عارف ڕوشدی) راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، عێراقیش بە دەوڵەتی شکستخواردوو هەژمار دەکرێت، ئێمە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە هەموو سەردەمەکاندا دەچەوسێنراینەوە و بە ناحەق لکێنراین بەو وڵاتەوە، دوای ڕووخانی (سەددام)ـیش بەغدا تووشی قەیرانێکی قورس بووهتەوە، شیعەكان لەگەڵ سوننەکان لە گرفتێکی مێژووییدان كه دەبوایە ئەم لایەنەنانە دوور کەوتبانەیەوه لەو ناکۆکییە، بەڵام هاتن سیاسەتیان تێکەڵی ئایین کرد و ئەوەندەی دیکە گرفتەکە قووڵ کرایەوە، ئێمەش کەوتینە بەرداشی ئەم ململانێیەوە، بۆیە دەبێ پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی نەرم و واقعیانە مامەڵە بکات و بڕیار بدات لەسەر چارەنووسمان لەم عێراقه".
(ڕوشدی) ڕاشکاوانە دەڵێ: "سەیرم لە قسەکانی (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق دێت کە دەیەوێت خەڵکی ئێمە وا تێبگەیەنێت، گوایە ئەوان پابەندن بە ناردنی بودجەوە بەڵام ئەوە هەرێمی کوردستانەوە پێوەی پابەند نییە!، لە کاتێکدا ئەوان قوڕگی خەڵکی کوردستانیان گرتووە، نە پارە نە بودجە نانێرن؛ ئیتر چۆن باوەڕیان پێ بکەین؟."
(عارف روشدى) دیسان بە رەخنەگرتن لە قسەکانی(عەبادی) بیرمان بۆ رابردوویێکی نزیک دەباتەوە و دەڵێ، "هیوامان وابوو کە دوای ڕووخانی (سەددام حسێن)، عێراق وڵاتێکی دیموکرات بوایه، هەڵبەتە کوردیش بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی عێراق و، وێڕای ئەو هەموو پەرۆشییەی کورد بۆ عێراقی تازە، بەڵام هەوڵەکانی بەهەند نەگیرا"؛ ڕوونی دەکاتەوە "هەمیشە بە چاوی پلەدوو سەیر کراوین، دواتر قۆناغ بە قۆناغ کەوتنە گیانی هەرێمی کوردستان، هەرجارە و بە بیانوویێک وازمان لێ ناهێنن، جارێک لەسەر ماددەی ١٤٠و جارێک بە ئابڵۆقەدان، هەموو ئەمانەیش لە کاتێکدان کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە درێژایی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر بەرانبەر بە داعش شەڕ دەکات، هەشتهەزار بریندار هەیە زیاتر لە هەزار شەهیدمان هەیە، وڵاتێک بەپێی دەستوور دەڵێت، پێشمەرگە بەشێکە لە مەنزومەی دیفاعی عێراقی کەچی هیچ مافێکی پێ نەدراوە."
کارزان سەباح




