جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، چوار گوتاری رۆژنامەوانی لەسەر کورد بڵاوکردەوە

پۆلۆنیا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لەمیانی سەردانیدا بۆ نووسینگەی حکوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا دەڵێ، چوار گوتاری رۆژنامەوانی بۆ پاڵپشتی هەرێمی کوردستان، راگەیاندووە.
(زیاد ڕەئوف) نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا لەو حەفتەیەدا پێشوازی لە شاندێکی پایەبەرزی سیاسەتمەدارانی پۆڵۆنیایی کرد، لە سەرویانەوە ڕیشارد چارنێچسکی Ryszard Czarnecki جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی ئەورووپا، پڕۆفیسۆر کارۆڵ کارسکی Karol Karski پەڕلەمانتاری پەڕلەمانی ئەورووپا و هەروەها پڕۆفیسۆر پاڤێڵ چوبیك Paweł Czubik شارەزا لە بواری یاسای نێودەوڵەتی کە چەندین ساڵە هاریکاری لەگەڵ نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دەکات لە بواری یاسا نێودەوڵەتییەکاندا.
لە کۆبوونەوەکە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەگەڵ پەڕلەمانتارانی ناوبراو کرد لەبارەی بارودۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێڕاق و کوردستان، چۆنیەتی زیاترکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و، هاوکاری سەربازی بۆ پێشمەرگە و چۆنییەتی بەهێزکردنی هاریکاری نێوان پۆڵۆنیا و هەرێمی کوردستان.
(زیاد ڕەئوف)، هەروەها بارودۆخی ئێستای مرۆیی و ڕووداوی بەرەکانی جەنگ لە دژی داعش و چاڵاکییەکان لەبارەی ئامادەکاری بۆ ئەنجام دانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بۆ پەڕلەمانتاران شی کردەوە.
لە دیدارەکە پەڕلەمانتارانی ئەورووپا باسی دواهەمین کار و چاڵاکییەکانیان کرد لەسەر پرسی کورد : لەبارەی یەکدەنگی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای پەڕلەمانی ئەوڕووپا کە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان بەدەستی داعش وەکو جینۆساید بناسێنێت و هەروەها نامەی جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی ئەورووپا ڕیشارد چارنێچسکی بۆ ژان کلادێ ژانکێر Jean Claude Juncker و فێدێریکی مۆگرینی Federica Mogherini لەسەر پرسی هاوکاری کردنی مرۆیی بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها هاوکاری ڕاستەوخۆی سەربازی بۆ پێشمەرگە کە دژی تیرۆریستان لە جەنگدایە.
(ڕیشارد چارنێچسکی) باسی دواهەمین سەردانەکەی مانگی کانونی دووەمی بۆ هەرێمی کوردستان کرد. پشتیوانی خۆی بۆ کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە لە دوای سەردانەکەی بۆ کوردستان چوار وتاری ڕۆژنامەوانی لە میدیاکانی پۆڵۆنیا بڵاوکردوەتەوە.
(زیاد ڕەئوف) لای خۆیەوە سوپاسی پەڕلەمانتارانی کرد بۆ سەردانەکەیان و بۆ پشتیوانی کردنی کوردستان و هەموو ئەو چاڵاکی و کارانەی لە پێناو کوردستان کردوویانە. هەردوولا ڕێكکەوتن کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی و پەیوەندی بۆ بەرەو پێش بردنی پرسەکان.




