سەلمێندرا کە خەردەل دژ بە پێشمەرگە بە کار هاتووە

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەگەلێک لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی رایانگەیاند، لە پشکنینەکەیاندا لەسەر ئەو ٣٥ پێشمەرگەیەی مانگی ئابی پار لە ئاکامی هێرشێکی تیرۆریستانی داعشدا بریندار بوون، دەرکەوتووە کە بە هۆی غازی خەردەلەوە بووە.
سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە، بەرەنجامی پشکنینەکان دەریدەخەن کە غازی خەردەل دژ بە پێشمـەرگە بە کار هاتووە.
بەگوێرەی ئەو ئەنجامەی تاقیگەکانیش بێ، لە پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە، ئەمە یەکەم جارە غازی خەردەل لە دژی کوردستان بە کار بیهێندرێتەوە.
زیانەکانی غازی خەردەل بە زۆری کاریگەرییان بەسەر پێست، چاو و کۆئەندامی هەناسە و ناوەوەی لەشەوە دەبێ.
پێشتر وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاش بەکارهێنانی ئەو غازەی خەردەلە دژ بە پێشمەرگە، ڕیکخراوی تیرۆریستانی داعشی تۆمەتبار کرد.
وەزارەتی پێشـەرگە هەروەها ڕایگەیاند کە، ئەو پێشمەرگانەی کە بە خەردەل بریندار بوون، لە هێڵی پێشەوەی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان بوون لە نزیک هەردوو شارۆچکەی مەخموور و گوێڕ. زانیاریشی داوە کە، ٣٧ بۆمب لەبەردەمیاندا تەقیونەتەوە، دووکەڵێکی سپی لێ بەرز بووەتەوە و شلەیەکی ڕەشی بڵاو کردووەتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەوکاتی وەزارەتی پێشمەرگە، پاش وەرگرتنی خوێنی ٣٥ پێـشمەرگە بریندارەکە بۆیان دەرکەوتووە کە، بە غازی خەردەل وایان لێهاتووە.
دیپلۆماتکارێک کە نەیویستووە ناوی ببرێ ب ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، دەشێ ئەو غازە خەردەلەی بەکاربردرابێ، لەو وێستگە سەربازییە سورییاییەوە دەستکەوتبێ کە، پاس بەکارهێنانی غازی سارین لە دەرەوەی دیمەشق لە ساڵی ٢٠١٣ـدا بەکار هات و دەبوایە بە تەواوی لەنێو ببردرێ.
بەڵام، سەرۆکی دەستگای هەواڵگریی ئەمەریکا(جۆن برینان)، یەکشەممەی ڕابردوو گوتی، ئەو باوەری وایە کە ڕێکخراوی داعش ئەو توانستەیان هەبێ بڕێکی کەم لە کلۆر و غازی خەردەل دروست بکەن.




