"نابێ هەرکەسەو لە ڕاست خۆیەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی کوردستان بدات"

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات كه دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕێککەوتن و کارکردنێکی تازە هەیە، کە هێزە سیاسییەکان بەیەکەوە کار بکەن.
(فەرحان جەوهەر) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک فراکسیۆنی پارتی پێمان وایە دەبێت پێکەوە کارکردن و ڕێکەوتنی لایەنەکان هەبێت، ناکرێت هەرهێزێکی سیاسی بە بەیاننامەیەک بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی کوردستان بدات، چونکە ئەمانە شەرعیەتی خەکی کوردستانیان هەیە و، ڕێکەوتن لە نێوان لایەنە سیاسییەکان کراوە تا ئەوانە هاتووەتە دی."
دەیشڵێ: "ئەگەر هات و سەرجەم هێزە سیاسییەکان پێکەوە ڕێککەوتنی بۆ پەرلەمان و حکوومەت تا ئەم دووساڵە تەواو دەبێت دەکرێت ماوەیەکی دی ڕێکەوتنی نوێ لە نێوان لایەنەکان بکرێت".
گوتی: "ئەو شەڕەپرۆژەیەی ئەمڕۆ لەنێوان لایەنەکان هەیە نامانگەیێنێتە ئەنجام؛ ناکرێت حزبێک پرۆژەیەک پێشکەش بکات بیکاتە هەڵای ڕاگەیاندن و پێی وا بێت کە ئەو دارەهەڵگری بنەبڕکردنی گەندەڵییە بە پێچەوانەوە، هەرحزبێک تەنانەت هەرتاکە کەسێکیش دەتوانێت پرۆژە پێشکەش بکات دواتر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر هەڵناگرێت کە هەر حزبە و لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆی مزایەدەی سیاسی بکات".
کارزان سەباح




