"ساڵێکی دی نرخی کرێی خوێندن جیاواز دەبێ

ھەولێر -KDP.info- دوای ئەوەی نرخی خوێندن بۆ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکوومییەکاندا بە ڕێژەی ٢٠% داشکێندرا بۆ ساڵێکی دی بە گوێرەی بەرپرسێک لە وەزارەتەوە نرخەکان جیاواز دەبن.
بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەمانگا ناحکوومییەکان لە وەزارەتی پەروەردە (شاسوار کەمال مەحموود) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردە دوای ڕاوێژکردن و ڕاوەرگرتنی خاوەن باخچەو قوتابخانە و پەیمانگا ناحکوومییەکان چەند بڕیارێکمان دەرکرد سەبارەت بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگا ناحکوومییەکان چەند خاڵێک دەگرێتە خۆ، وەک:
یەکەم/ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن بۆ ساڵێ خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦ ) لە سەرجەم باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکوومییەکان بە ڕێژەی سەدا٢٠ دەبێت.
دووەم/ ھەر قوتابخانەیەک کە لەو ڕێژەیە داشکاندنی کەمتری کردبێت، دەبێت ڕێژەی کەمکردنەوەکەی بەرز بکاتەوە بۆ ڕێژەی دیاریکراو، ھەر قوتابخانەیەکیش لەو ڕێژە داشکاندنی زیاتری کردبێت، ناتوانێت داوای گەڕاندنەوەی زێدە داشکێندراوەکە بکاتەوە.
سێیەم/ ئەو قوتابخانانەی کرێی گواستنەوە و خواردن وەردەگرن، نابێت زۆری لە قوتابیان بکەن بۆ بەشداربوون لەو خزمەتگوازرییانە یان کرێکانیان زیاد بکەن و، قوتابیان ئازادن ئەو خزمەتگوزارییانە وەربگرن یان نا.
چوارەم/ بە ھیچ شێوەیەک دەستکاری کرێی مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندانی ئەو باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیانە ناکرێت.
پێنجەم/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەکان بەرپرسن لە جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەنی سەرپێچیکەر."
(شاسوار) گوتیشی : "ئەم بڕیارە تەنیا بۆ ئەمساڵی خوێندنە، چونکە ھەرێمی کوردستان کەوتووەتە قەیرانێکی دارایی و ئابووریی کاتی، بۆ ساڵێکی تر بڕیارەکە جیاواز دەبن."
فایزە پاڵانی




