ئەحمەد کانی: ئەو دۆخەی ئێستای کوردستان، بۆی دروست کراوە

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی پێوەندییە نیشتمانی و عێراقییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەو دۆخەی لە کوردستان دروست بووە بۆی دروست کراوە، واتە خەڵکانێک دەیانەوێت گرفت بنێنەوە تا لە پێناوی گرفتەکان ڕێککەوتن بکرێت ئەمە قابیلی قەبووڵ نییە.
(ئەحمەد کانی)، بەرپرسی پێوەندییە نیشتمانی و عێراقییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو دۆخەی ئێستای کوردستان، بۆی دروست کراوە، واتە خەڵکانێک دەیانەوێت گرفت دروست بکەن تا لە پێناوی گرفتەکان ڕێککەوتن بکرێت و، ئەمە قابیلی قەبووڵ نییە؛ خۆی ئەگەر لایەنەکان مەبەستیان ئەوە بێت کە دەبێت ڕێککەوتن بکرێت لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا من پێم وایە ڕێککەوتن تەنیا دەرچە نییە، ئەگەر پێوەی پابەند نەبین، چونکە پارتی لەگەڵ گۆڕان و لایەنەکانی دیکەی کوردستاندا ڕێک کەوت، بۆ دروستکردنی حکوومەت، بەڵام گۆڕان پێوەی پابەند نەبوو، ئیتر ئەو ڕێککەوتنەش هەڵدەوەشێتەوە و دەبێت ڕێککەوتنی تازە بکرێت بە مەرجێک گەرەنتی ئەوە بکرێت پێوەی پابەند ببن."
کانی دەیشڵێ: "پارتی باش لەوە تێدەگات کە خەڵک نیگەرانە لەم دۆخە سیاسییەی کوردستان، بەڵام ئێمە هەموو ڕێگایەکمان تاقی کردووەتەوە ئەوان گوتیان کۆبوونەوەیەک بکرێت بە جددی بڕیار لەسەر پرسەکان بدرێت ڕازی بووین، گوتیان مەرج نەمێنێت بە هەمان شێوە ڕازی بووین، ئیتر لەوە زیاتر چی!؟"
ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو دۆخەی ئێستا لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە، دەرئەنجامی پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکانە."




