٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت وەڵامی دواڕاپۆرتی رێکخراوی UNHCR دایەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە وەڵامی دواڕاپۆرتی رێکخراوی UNHCRـدا، لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێ، داعش هەوڵی وێرانکردنی ناوچە کوردییەکان دەدات، بەڵام ئەمە کاریگەریی نەبووە لەسەر گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی نێوان هاووڵاتیانی کورد و کریستیان و عەرەب و ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە، کە لە هەرێمی کوردستان دەژیێن.


(د. دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییەی هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روانگای پابەندبوونی بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و پەنابەری و بەو توانایەی لەبەر دەستی بوو، باوەشی بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردووە و هاوکاریی زۆری کردن.

(زێباری) لە بارەی دواراپۆرتی رێکخراوی UNHCR سەبارەت بە دوائاماری ئاوارەکان، کە تێیدا ئاماژە دەدات کە تاکۆتایی مانگی دیسیمبەری ٢٠١٥ زیاتر لە (٩٠١,٣٢٠) ئاوارە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە گوتی: دیارە دوای داگیرکردنی مووسڵ و چەند ناوچەیەکی دیکەی ناوەڕاستی عێراق لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچانە روویان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم کرد کە بەوپەڕی رێزەوە باوەشی بۆ کردنەوە و لەگەڵ گەیشتنیان بە گوێرەی توانا هاوکاری و یارمەتیی پێشکەش کردن لە هەموو روویەکەوە؛ وەک پاراستنی ژیانیان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بۆ ئەم مەبەستەش بەسەر چەند کەمپ دابەش کران لە شوێنە جیاجیاکان و، بەشێکیشیان لە سەنتەری شارەکان دەژیێن کە ژمارەیان بە گشتی گەیشتووەتە زیاتر لە (670) هەزار هاووڵاتی عەرەب کە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

ئاوارەکان  گشت مافەکانیان پارێزراوە و جگە لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون هەموو مافە یاساییەکانیان فەراهەم کراوە و دەتوانن بە ئازادی هاتوچۆ بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو باوەڕەی گیانی پێکەوەژیانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە لە نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبەکان لە کوردستان و، بوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی کریستیان و عەرەب و ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەش لە کوردستان گەواهییە بۆ ئەو پێکەوەژیانە.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە داعش هەوڵی وێرانکردنی ناوچە کوردییەکان دەدات، بەڵام ئەمە کاریگەری نەبووە لەسەر لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و لەم بارەیەوە گوتی: دوای هاتنی داعش بە دەیان گوندی کورد وێران بوون و سووتێنران، بەڵام پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان هەوڵی پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانەی داوە کە کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماس و پاراستنی ژیانیان بەبێ جیاوازی لە رووی نەتەوە و ئایین و مەزهەب و ئێستا بە دەیان گوند هەیە کە خەڵکەکەی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ترە و دانیشتوانەکەی پێکەوە دەژین، هەروەها پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پاراستنی ژیانی ئەو هاووڵاتیانەی کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان سەرەڕای ئەوەی لە زۆر شوێن گوندی کوردان وێران کراوە و سووتێنراوە و بە دەیان هاووڵاتی کورد کوژراو و رفێنراون و تەنانەت ئەوەی بەرامبەر بە کوردانی ئێزیدی ئەنجامدراوە گەیشتۆتە راددەی جینۆساید.

 

هەواڵی پەیوەندیدار