ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەستەڵاتی زیاتری دەوێ.. لیژنەی بۆ نرخەکان پێکهێنا

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆ بووەوە و وێڕای داواکردنی دەستەڵاتی زیاتر لە ڕووی داراییەوە، چەند لیژنەیەکیشی بۆ کەمکردنەوەی نرخی خۆراک و کرێی خانوو و چاودێریکردنیان پێک هێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی قەیرانی دارایی و سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە کۆ بووەوە، تێیدا بڕیار درا بە پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی تایبەت بە نرخی کاڵا و خۆراک لە بازاڕ و هەروەها نرخی کریی خانوو.
(عەلی ڕەشید) سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، پاش کۆبوونەوەکە بۆ مێدیاکان قسەی کرد و، داواکاریی دەستەڵاتی لامەرکەزیەتی بۆ ئەنجوومەنەکەیان ڕاگەیاند.
وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، ئەگەرچی چەند لیستێک بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردووە، بەڵام بە دەنگی ١٧ ئەندامی ئەنجوومەن، چەند بڕیارێکیان دەرکردوون کە پێوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە.
هەر پێوەست بەم پرسە، (ئالان ئەسکەندەر) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر لە فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "کۆبونەوە نائاسایییەکەی ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کردمان، دەربارەی یادداشتێک بوو کە ١٦ئەندام واژۆیان لەسەر کردبوو، کە پیوەست بوو بە پاشەکەوتکردنی ئەو مووچەیەی کە بۆ مانگی یەک خشەتەیەک دانرابوو لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، هەروەها دانانی لێژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی بازاڕ و کەمکردنەوەی نرخی (خواردن، شتومەک و کرێی خانوو)، هەڵبەتە ھاوشێوەی وەزارەتەکانی(پەروەردە، خوێندنی باڵا و تەندروستی)، لێژنەکەیش پێک ھات لە ٣ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر".
هەرسێ فراکسیۆنی گۆڕان و یەکێتیی و لیستی خزمەت بایکۆتی کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمرۆیان کردوو و، (ئالان ئەسکەندەر) لەو بارەیەوە گوتی: "کاتێک داوای یادداشت بکەی و پێشکەشی بکەی بەڵام لە کۆبوونەوەیشدا بەشدار نەبی، ئاخر بایکۆتکردن وا نابێ؛ چونکە ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا تەمسیلی خەڵک دەکەین و، دەنگی ھاووڵاتیان دێنینە ئەنجوومەنەوە و کاری لەسەر دەکەین. لێرەدا ئەم برادەرانەی لە لیستی گۆڕان و یەکێتی و لیستی خزمەت، بە نەھاتوو لە قەڵەم دەدرێن و ئەم هەڵوێستەیان بە بایکۆتکردن دانانرێت."
فایزە پاڵانی




