"سەرۆك بارزانی، وەك سەرۆكی دەوڵەت لە كۆنگرەی میونشندا بەشدارە"

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەك سەرۆكی دەوڵەتێك لە كۆنگرەی میونشندا بەشداری كردووە و، چاوەڕوانین داواكانی گەلی كوردستان بە ئەمانەتەوە بداتە وڵاتانی جیهان".
(شێخ شامۆ)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەك ئێزدییەكان چاوەڕوانیی گەورە لە (سەرۆك بارزانی) دەكەین كە بە دڵنیاییەوە داواكانی كوردستان دەگەیەنێتە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی بەشداریكردنی لە ٥٢ـەمین كۆنفڕانسی ئاشتیی جیهانی كە وەك سەرۆكی دەوڵەتێك بانگ كراوە و ئەوەیش جێگای دڵخۆشیی هەموو كوردێكە".
(شێخ شامۆ) گوتیشی: "(سەرۆك بارزانی) نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات و وەك ئێزدییەكانیش باش لەوە تێدەگەین، سەرۆكی هەرێم چەندە خەمخۆر و دڵسۆزی پێكهاتە جیاواز و ئایینە جیاوازەكانی كوردستانە، بۆیە ئێمە ئەمانەتی (سەرۆك بارزانی)ـن و، چاوەڕوانیشین بە شداریكردنی لە كۆنفرانسی میونشن، بە خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان بگەڕێتەوە".
نوێنەری ئێزدییەكان لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەیشی خستە روو، "(سەرۆك بارزانی) بابەتی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵكی بۆ ناوچەكان و بەجینۆسایدناساندنی هێرشی سەر شنگال، كاری یەكەمی دەبێت و دڵنیایشین لەوەی پەیامەكەی دەگاتە شوێنی خۆی، لە كاتێكدا كە پەیامی (سەرۆك بارزانی) خێراتر وەردەگیرێت، چونكە لەوە دەرچووە وەك سەرۆكی هەرێمێك مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵكو ئێستا وەك سەرۆكی دەوڵەتێك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت".
كارزان سەباح




