٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شەبەک دەیانەوێ چارەنووسیان لەگەڵ هەرێمدا بێ"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شەبەک پێش هاتنی داعش داوایان دەكرد بگەڕێینەوە سەر هەرێمی كوردستان، كە ناوچەكانی شەبەک دەكەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ و بەشێكن لە هەرێمی كوردستان؛ ئێستایش دەڵێن با چارەنووسمان لەگەڵ هەرێم بێ.

 

(سالم شەبەك) نوێنەری شەبەكەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ناوچەكانی ئێمە هێشتا لە دەست تیرۆریستانی داعشدان، پێش هاتنی داعش داوامان دەكرد بگەڕێینەوە سەر هەرێمی كوردستان، كە ناوچەكانی ئێمە دەكەونە سنووری ماددەی ١٤٠ و بەشێكن لە هەرێمی كوردستان، بەڵام وەك (سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ دەكرد، ئێستا ماددەی ١٤٠ نەماوە و جێبەجێ كراوە، بۆیە ئەو ماددەیە لای ئێمە تەواو بووە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین ناوچەكانی ئێمە ئازاد بكرێنەوە و دواتر ڕاستەوخۆ بگەڕێینەوە سەر هەرێمی كوردستان، نامانەوێت چیدیكە ئێمە سەر بە ئیدارەی مووسڵ و حكوومەتی عێراق بین، لەگەڵ ئەوەیش ئێمە كە زیاتر لە ٤٥٠ هەزار شەبەك دەبین لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) و خەڵكی هەرێمی كوردستان داین، كە ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بكرێت و خەڵكی كوردستان بڕیاری خۆی بدات، چونكە وەك دەبینین ئەمڕۆ هەموو جیهان پشتگیری لە هەرێمی كوردستان دەكات، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەرێمی كوردستان خاوەن كیانی خۆیەتی، خاوەن سەرۆك و پێشمەرگەی خۆیەتی، كە هێزی پێشمەرگە توانیوەتی بە خۆڕاگری لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستان بكات و تێكیان بشكێنێت، لەگەڵ ئەوەیش هەرێمی كوردستان خاوەنی حكوومەت و پەرلەمان و دامودەزگاكانی خۆیەتی، بۆیە پێویستە هەر چی زووە سەرۆكی هەرێم ڕۆژێك دیاری بكات بۆ ڕیفراندۆم و كۆتایی بە ڕێككەوتنی سایكس‌پیكۆ بهێنێت."

 

گوتیشی: "داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەم ببنە یەك و دەست لە ناو دەستی یەكدی بنێن، بەتایبەتی بۆ بابەتی ڕیفراندۆم، چونكە ئەوە پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، ئەوە بۆ لایەنێك و دوو لایەن نییە، بەڵكو ڕیفراندۆم داهاتووی گەلێك دیاری دەكات، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان خۆیان بكەنە یەك و پاڵپشت و هاوكاری سەرۆك بارزانی بن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بكرێت، چونكە ئێمە لە بەغداین دەزانین كە ئەوان دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان بێت ناو ماڵی كورد تێك بدەن و دووبەرەكی بخنە نێو لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم لە كوردستان نەكرێت."

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار