پرسی ئابووریی هەرێم دەبردرێتە یەکێتیی ئەورووپا

ئەڵمانیا-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە میونشن، لەگەڵ (فیدریکا موگیرینی) کۆ بووەوە و، پرسی ئابووریی هەرێمیش دەبردرێتە یەکێتیی ئەورووپا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مهسعوود بارزنی) لە پەراوێزی پانێلەکانی دووەمین رۆژی 52ەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، سەعات 15:00-ی رۆژی شەممە 13-2-2016 لەگەڵ (فیدریکا موگیرینی) بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کۆبووەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە 13-2-2016 لەگەڵ سەرۆکی مەکدۆنیا، حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ئەڵمانیا، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و (بریت ماکگۆرک) نێردەی تایبەتی (ئۆباما) لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆ بووەوە و، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ (فیدریکا موگیرینی) بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیادا کۆ ببێتەوە.
(فوئاد حوسێن) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەورووپایی و جیهانیدا، بە رووداوی راگەیاند: "لە نێو ئەو کۆبوونەوانە باسی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش کرا، لایەنە ئەورووپاییەکان بەڵێنی ئەوەیان پێداین کە ئەو پەیوەندییە ئابوورییە کە لەنێوان وڵاتەکانیان و هەرێمی کوردستان هەیە پەرەی پێبدەن، چونکە ئەوە یارمەتی ئابووری هەرێمی کوردستان دەدات".
گوتیشی: "ئەوان گوتیان ئەو پرسە بە جیددی وەردەگرین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەورووپا باسی پرسی ئابووریی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت دۆخی پێشمەرگە بکەن و پرسەکەیش ببەنە یەکێتیی ئەورووپا بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لەڕووی داراییەوە".
رۆژی هەینی 12-2-2016، 52ەمین کۆنفرانسی ئاسایشی جیهان لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بە بەشداریی 450 کەسایەتیی سیاسیی جیهانی دەستیپێكرد، شاندێكی باشووری كوردستانیش بە سەرۆكایەتی (مەسعوود بارزانی) لە كۆنفرانسەكەدا بەشدارە.




