وەزارەتی دارایی هۆشداریی دەداتە ئەو وەزارەتانەی لیستی مووچەیان نەناردووە

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومهتى هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەداتە دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا لیستی مووچەیان نەناردووە و رایدەگەێینێت، مووچە بۆ ئەو فەرمانگە و دام و دەزگایانە خەرج دەکەین کە لیستی مووچەیان بۆ ناردووین".
لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ماڵپهرى فهرمیى پارتى ناردووە، وەزارەتی دارایی و ئابووری رایدەگەیێنێت، مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی، هێزی ئامادە لەگەڵ مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای گشتی ئاسایش بۆ مانگی1-ی ساڵی 2016 خەرجكراوە".
هەروەها رایدەگەیێنێت، هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ خەرجكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانگە و دام و دەزگاكانی دیکەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە داواكارین بە زووترین كات لیستی مووچەكانیان بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە بكەن".
وەزارەتی دارایی هۆشداریی دەدات بەو فەرمانگە و وەزارەتانەی کە تاوەکو ئێستا لیستی مووچەیان نەناردووە و رایدەگەیێنێت، ئەگەر بە زووترین کات لیستی مووچەکان بۆ وەزارەتی دارایی نەنێرن، ناچارین مووچەی ئەو فەرمانگە و دام و دەزگایانە خەرج بكەین، كە لیستی مووچەكانیان ئامادەكردووە و بەدەستمان گەیشتووە و كاری وردبینی بۆ ئەنجام دراوە".




