لە جەزیرە 82 تەرم لە ژێر بینایەكدا دەرهێنران

باكووری كوردستان-KDP.info- دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا بە فەرمی رایگەیاند كە جەزیرەیان بە تەواوەتی لە ژێر كۆنتڕۆڵی پەكەكە دەرهێناوه، بەڵام لە ژێر هەر بینایەكی ڕووخاودا تەرم دەدۆزرێنەوە. جەزیرە، بووەتە وێرانە و تاوەكو ئێستایش خەڵكی ئەو شارۆچكەیە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
بە گوێرەی ئەو هەواڵەی كە ئەمڕۆ رۆژنامەی "جومهورییەت" بڵاوی كردووەتەوە، تەنیا لە یەك بینای رووخاودا 82 تەرم دۆزراونەتەوە، بەڵام نازانرێت ئەو تەرمانە هاووڵاتیی سڤیلن یاخود سەر بە چەكدارانی پەكەكە بوون.
خەڵكی جەزیرە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، تاوەكو ئێستایش یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ بوونی هەیە و هاووڵاتیان بۆیان نییە بگەڕێنەوە.
ماوەی سێ رۆژە توركیا بە فەرمی كۆنتڕۆڵكردنەوەی جەزیرەی راگەیاندووە، بەڵام دیمەنی جەزیرە لەو شارانە دەچێت كە لە سووریادا لەبەر شەڕی ناوخۆ بوونەتە وێرانە، بۆیە میدیاكانی توركیا دەنووسن: "لێتان تێك نەچێت ئێرە سووریا نییە، بەڵكە جەزیرەیە".
ماوەی دوو مانگ دەبێت یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە جەزیرە بوونی هەیە و، بە هەزاران خانەوادە ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە، سەرباری ئەوەیش كە وەزارەتی ناوخۆی توركیا رایگەیاند بە تەواوەتی جەزیرەیان كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە، كەچی هێشتا یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ هەڵنەگیراوە و، خەڵكیش لە چاوەڕوانی گەڕانەوەن بۆ نیشتیمانی خۆیان.
كارزان گلی




