بهشارهت زهنگهنه: چاكسازیی لەناو پارتیدا زۆر گرینگترە لەو چاكسازیەی كە لەناو حكوومەتدا دەكرێت

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێ: "هەر حیزبێك، گەورەترین سەرمایەی جەماوەركەیەتی، كەواتە لێرەدا دیارە جەنابی سەرۆك چەندە پەرۆشە بۆ ئەوەی دڵی كادیرانی پارتی زویر نەبێت و، بە دڵنیاییشەوە چاكسازی، داواكاریی خودی ئەندامانی پارتییە، پێش ئەوەی داواكاریی كەسێكی ئاسایی بێت".
سەرۆك (مەسعوود بارزانی) لە (10/2/2016)ـدا رایگەیاند: "لە پێناو بەدیهێنان و پتەوكردنی دادپەروەری و شەفافییەت و چاكسازی لە كوردستاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێ پێشەنگ و نموونە بێت و بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا دەبێ لەناو پارتی و لەناو ماڵی خۆمان دەست پێ بكەین".
سەبارەت بەم بڕیارە گرینگانە، (بەشارەت زەنگەنە) مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێم وایە دەكرێت لە سێ رەهەندەوە تەماشای ئەو بڕیارانەی سەرۆك بكەین، (یاسایی، سیاسی، ئیجرائی). رەهەندە یاساییەكە بێگومانم لەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم ترۆپكی هەڕهمی دابەشبوونی ئیداریی یاسایی دهستهڵاتی ڕاپهڕاندنه لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەم بابەتەیش سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكی هەرێم كۆمەڵێك تایبەتمەندی لە ڕووی یاساییەوە پێ بەخشراوە بە گوێرەی یاسای ژمارەی (1)ی ساڵی ( 2005) بە تایبەت ماددە(10)، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی ئەو پەیمانانەی خودی جەنابی سەرۆكی هەرێم داویەتی، بە مەبەستی بەدامودەزگاییكردنی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا، جا دەسەڵات بە هەموو جۆرەكانییەوە چ لەسەر ئاستی حیزب بێت چ لەسەر ئاستی دەرەوەی حزب بێت، ئەمەیش خاڵێكە كە بنچینەی یاسایی هەیە".
(زەنگەنە) گوتیشی: "رەهەندێكی تریان لە رووی سیاسییەوە دەكرێت بڵێین دوو مەسجی زۆر گرینگمان پێ دەبەخشێت، یەكیان بۆ دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بۆ لایەنە سیاسییەكانی ترە بۆ ئەوەی تێبگەن ئێمە لە ماڵی خۆمانەوە دەست پێدەكەین، كەواتە سەرەی ئێوەیش دێت، ئەم بابەتەی كە دەگوزەرێ لە هەرێمی كوردستان تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپرس نییە لێی، هەموو لایەنە سیاسییەكان بەرپرسن لێی، مەسجەكەی تریان بۆ ناو خودی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە دڵنیایی تەواو دەدا بە تەواوی ئەو دەنگە ناڕازیانەی كەوا هەر لە ژێری ژێرەوە تا دەگاتە سەری سەرەوە بەپێی پلەبەندیی حزبیانە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەر گوێمان كەوتووە لێرە و لەوێ لە دەزگا راگەیاندنەكان بە شێوەیەكی فەرمی یاخود بە شێوەی نافەرمی، كە ئەمە بۆخۆی دڵڕازیكردنی جەماوەری پارتی دەگەیەنێ، پێم وایە كە جەماوەری هەر حیزبێكیش گەورەترین سەرمایەیە كە هەیەتی، كەواتە لێرەوە بۆمان دەردەكەوێ كە جەنابی سەرۆك چەندە پەرۆشە بۆ ئەوەی دڵی كادیری پارتی زویر نەبێت و دڵی ئەندامێكی پارتی رازی بكات، بە دڵنیاییشەوە چاكسازی داواكاریی خودی ئەندامانی پارتییە پێش ئەوەی داواكاریی كەسێكی ئاسایی بێت لەسەر شەقام".
(بەشارەت زەنگەنە) پێوەست بە ڕەهەندەكەی تر دەڵێت: "ئەوەی زۆر مەبەستمە لایەنە ئیجرائییەكەیە، لە بیرمان نەچێت لە (27/3/2011) بەو جۆرە بریارێك درا لەلایەن جەنابی سەرۆكەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی چاكسازی و لیژنەیەكیش دروست كرا، ئەوكات كە سەری نەگرت، كۆمەڵێك كاری خودی یان كاری غەیرەخودی و بابەتی هەبوون كە دیارە وایان كرد ئیرادەی دەرەوەی پارتی زاڵ بێت بەسەر ئەوەدا كە نەتوانرێت ئەو پرۆژەیە سەر بگرێ، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە جیاوازە، بۆیە بە راشكاوانە دەڵێم، دەركردنی وەها بڕیارێك و راگەیاندنی وەها پڕۆژەیەك ئەگەر بێت و لە (27/3/2011) یەك جار گرینگ بووبێت، ئێستا سەد جار گرینگە، ئەویش لەبەر ناسكیی بارودۆخەكەمان، تێكڕایش دەزانین كە ئێمە لە شەڕی گەورە لە دژی داعشداین و كێشەیەكی دارایی تەواوی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە كە بە تایبەتی ئێمەی گرتووەتەوە و درێژەی هەبووە، كە دەزانین محارەبە دەكرێین هەر هیچ نەبێ ئەو دەوڵەتەی كە خۆمان گوایە لە رووی یاساییەوە بەشێكین لێی مەبەستم بەغدایە، كەواتە پرسیار ئەوەیە ئەگەر بێت و بە هەمان ئەو رێكارانەی كەوا پێشتر خرابوونە روو بۆ پڕۆژەگەلێكی چاكسازی بەو جۆرە كە پێشتر راگەیەنرابوون بگیرێنە بەر، ئەوە لەوانەیە بڵێم بەداخەوە یاخود رەشبین بم بەوەی سەر بگرێت، یان لە دیوێكی تردا دەتوانین بڵێین دەبێـت میكانیزمی گونجاو دیاری بكرێت بۆ بەپەلە ئەنجامدان و جێبەجیكردنی وەها بڕیارێك، نەك تەنیا جێبەجێكردنەكەی لە چوارچێوەی دروستكردنی لیژنەیەكی دیاریكراودا بێـت، بەڵێ لیژنە بۆ ئەم كارە پێویستە دابنرێت بۆ ئەوەی تەڕ و وشك بەیەكە نەسووتێن، بەڵام ئەوەی زۆر گرینگە ئەوەیە كێ دەبێتە ئەندام لەو لیژنەیەدا و زۆریش گرینگە پێشوەختە چەند میكانیزمێك رابگەیەنرێن".
(زەنگەنە) دەشڵێت: "وەك پارتییەك و وەك ئەكادیمیستێك باوەڕم وایە لە پشتی ئەو پڕۆژەیەیە چەندان كەسی گرینگ و باشمان هەیە كە پێشمەرگەئاسا و چاونەترسانە و پشتیوانی سەرۆكن لەم پڕۆژەیەدا، دڵنیایشم ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرینگ دەبێت بۆ ئەوەی پارتی كە ئەو سەرمایەی هەیەتی كە جەماوەرەكەیەتی، لە دەستی نەچێت، بێگومان چاكسازی لەناو پارتیدا زۆر گرینگترە لەو چاكسازیەی كە لەناو حكوومەتدا دەكرێت و خەڵكیش دڵخۆشترە بەم بڕیارە، بۆیە جەنابی سەرۆك زۆر پێویستە خۆی سەرپەرشتیار و چاودێری ئەم بڕیارانە بێت كە داویەتی".
فایزە پاڵانی




