٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"دوور نییە رووداوەكەی زارگەڵی دووبارە ببێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- ماوەیەكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سنووری سیدەكان بۆردوومان دەكەن و، بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لەو ناوچانەدا دەكەنە ئامانج. بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكانیش رایگەیاند، ئەگەر بۆردوومانەكان بەو شێوەیە بەردەوام بن، دوور نییە هەمان رووداوی گوندی زارگەڵی، لە ناوچەكەدا دووبارە ببێتەوە.

(كاروان كەریمخان) بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "بە بیانووی بوونی پەكەكە لە ناوچەكەدا، چەند رۆژێكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردوومانی ناوچەكانی كەوەرتێ، گەلی موغاری، لەگەڵ چیای خواكوڕك و چەند ناوچەیەكی دیكەی دەڤەری سیدەكان دەكەن، لەو ناوچانەدا بنكە و بارەگاكانی پارتیی كرێكارانی كوردستان هەن، بۆیە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئەو ناوچانەیان كردووەتە ئامانج."

(كەریمخان) گوتیشی، بە هۆی هەبوونی پەكەكە لە ناوچەكەدا، بەردەوام فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوند و ئاواییەكانی دەڤەری سیدەكان بۆردوومان دەكەن، ئەوەیش ترس و دڵەڕاوكێی لای دانیشتووانی ناوچەكە دروست كردووە.

(كاروان) زیاتر دەڵێ: "بۆ ئەو مەبەستە، لە نزیكەوە ئەو ناوچانەمان بەسەر كردوونەتەوە و داواكاریی خەڵكەكە ئەوە بووە كە ئەوان چیتر نەبنە قوربانیی ئەو سیاسەتەی توركیا و پەكەكە و، باشتر وایە لەبری ئەوە، كێشەكانی نێوانیان بە ئاشتیانە و گفتوگۆ چارە بكەن."

بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ئەوەیشی دركاند، ئەگەر بۆردوومانەكان بەو شێوەیە بەردەوام بن، دوور نییە هەمان رووداوی گوندی زارگەڵی دووبارە ببێتەوە و خەڵكی سڤیل لەو نێوەدا ببنە قوربانی.

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار