٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عێراق پارەی جووتیارانی گرێ داوە بە كێشەی سیاسیی.. گەنم نەهاتووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەرلەمانی كوردستان، لە وەڵامی هەردوو پەرلەمانتاری گۆڕان (كوێستان محەممەد) و (شێركۆ حەمە ئەمین) كە لە راگەیاندنەكان بڵاویان كردووەتەوە گوایە لە پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستاندا، حكوومەتی هەرێم فێڵی كردووە، رایدەگەیێنێت كه، كێشەی بەغدا لەگەڵ هەرێم سیاسییە و، بە هیچ شێوەیەك گەنم لە دەرەوەی هەرێمەوە‌ بۆ سایلۆكان نەهاتووە.

(بەشار مشیر ئاغا) بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند:" لێدوانی ئەو دوو پەرلەمانتارەی گۆڕان ڕەت دەكەینە كە گوایە 500 تەن گەنم لە دەرەوەی كوردستان هاتبێتە ناو سایلۆكانی هەرێم و، بەغدایش لەبەر ئەوە پارە نانێرن، ئەمە دوورە لە راستی، چونكە بەغدا لیژنەی چاودێری و بەدواداچوون و كۆنترۆڵی جۆری و كۆنترۆڵی عەمباریشی هەیە و سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقی فیدڕاڵە و بەردەوام سەردانی سایلۆكان دەكەن كە نموونە وەردەگرن و لە تاقیگەكانی بەغدا تاقیكردنەوەی لەسەر دەكەن، تا ئێستایش شتی وا رووی نەداوە و زۆر بەباشی دەرچووە و سایلۆكان هیچ گرێدراو نین بە حكوومەتی هەرێمەوە".

(ئاغا) گوتیشی: "ئەو دوو پەڕلەمانتارەی گۆڕان، وا فێڵ لە جووتیاران و خەڵكیش دەكەن، كاریان لەسەر گشت چینەكان كردووە و تەنیا چینی جووتیاران ماون بۆ ئەوەی هانیان بدەن دژی حكوومەتی هەرێم رابوەستن".

ئةو ئەندامةی لیژنەی كشتوكاڵ دەشڵێت:" لە ساڵی 2014ـدا نزیكەی 750 هەزار تەن گەنممان هەبوو، لە ساڵی 2015ـیش زیاتر لە ملیۆنێك تەن گەنممان لە هەرێمی كوردستان هەبوو و هەمووی گواستراوەتەوە بۆ بەغدا و بەسەر كارگەكانی ئارد دابەش كراون و سوپاسیشیان ئاراستەی سایلۆكانی هەرێم كرد لە باشیی گەنمەكان و، پارەی جووتیاران لەلای بەغدا تا ئێستا ماوە و نەدراوە، بۆیە لیژنەی كشتوكاڵیش لە گشت لایەنەكان پێك دێت لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە چاودێریمان كرد و هیچ بەڵگەمان بەدەست نەگەییشتووە لەو بارەیەوە، تا ئێستایش لە هەوڵی بەردەوامداین ماوەی زیاتر لە سالێكە لە رێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەت نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت و نوێنەرانی كورد لە بەغدا زۆر هەوڵمان داوە بۆ گەڕانەوەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم كە جێگەی داخە حكوومەتی عێراق پارەی جووتیارانی گرێ داوە بە كێشەی سیاسیی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵگەیشمان هەیە ئەو كارەی بەغدا لە ئابڵووقەدان زیاتر هیچی دیكە نییە" .

ئاماژەیشی دا كە: "ئێستا حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە 50 ملیار دینار خەرج بكرێت بۆ جووتیارانی گشت عێراق لە رۆژانی ئاییندەدا و لەمەیش 3،5 لەسەدی كە دەكاتە نزیكەی 6 ملیار دینار، بەر جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەكەوێت" .

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار