پاڵپشتی بۆ بڕیارەكانی سەرۆك بارزانی دووپات دەكرێتەوە.. بڕیاری چاكسازی پڕبایەخە

هەولێر- KDP.info- هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) دەكەن بۆ دەركردنی چەند بڕیارێكی گرینگ تایبەت بە چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە، سەرۆك خەمخۆری خەڵكی كوردستانە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتیی هەنگاو و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم بن، بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن.
(سامان حوسێن) چالاكوانی سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەموو بڕیارێك بۆ چاكسازی گرینگە، جا ئەگەر (سەرۆك بارزانی) بڕیاری چاكسازی بدات زۆر پڕبایەخە، بۆیە دەستخۆشی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەو بڕیارە گرینگانەی كە داونی، ئەو بڕیارانە دەبنە هۆكارێكی سەرەكی بۆ نەمانی قەیرانی دارایی و دابینكردنی مووچە لە كات و ساتی خۆیدا".
هەر پێوەست بەو پرسە، (هەژار سەمیر) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "(سەرۆك بارزانی) ئەو دوو هەنگاوەی شەوی رابردوو نای، هەنگاوی مێژوویی و پڕبایەخ بوون بۆ گەلی كوردستان، هیوادارم لەسەر ئەو بەرنامە گرینگە چاكسازیانە بەردەوام بێت كە گرێ دراون بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانەوە، ئەگەر ئەو موڵك و ماڵانە وەربگیرێنەوە و بدرێنە كەسی كەمدەرامەت و كەسوكاری شەهیدان، بە ڕاستی هەنگاوێكی پیرۆزە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پشتگیری لەو هەنگاوانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو بڕیارە گرینگ و چارەنووسسازانە جێبەجێ بكرێ".
(خدر ئەحمەد) مامۆستای زانكۆ لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "(سەرۆك بارزانی) ئەمجارە بە ڕاستی شەڕی لە دژی گەندەڵی ڕاگەیاند، بە تایبەتی كە باس لەوە دەكات، دەبێت هەندێك لە كۆمپانیاكان سزا بدرێن و ئەو موڵك و ماڵەی وەردەگیرێتەوە، داهاتەكەی دەرێتە كەسوكاری شەهیدان، بەڕاستی بڕیاری زۆر گرینگ و باشن و لە كات و ساتێكی زۆر باشیشدا ئەو بڕیارانە دەركران، بۆیە زۆر پێویستە لایەنەكانیش هەمان هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی)ـیان هەبێت و هەموو ئەو شتانەی دەستیان بەسەردا گرتوون، بیانگەڕێننەوە بۆ حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت لەو قەیرانە داراییە دەرباز بێت".
پێشمەرگە لە میحوەری خازر (نەوزاد سەدیق) دەستخۆشی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت، بە راستی دەبێت هەموو كەسێك دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) بكات بۆ دەركردنی ئەو بڕیارانەی بە تایبەتی كە ئەمجارە زۆر بە ئاشكرا باسی لە هێزی پێشمەرگە كردووە، كە ئەمڕۆ هەر تاكێكی كورد قەرزداری هێزی پێشمەرگەیە، بۆیە پێویستە چاكسازی لەناو هێزی پێشمەرگە بكرێت و بار و گوزەرانی هێزی پێشمەرگە خۆش بكرێت، تا خاكی پیرۆزی كورستان لە دەستی دوژمنان و ناحەزانی كوردستان بپارێزێت.
ڕابین شێروانی




