٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "لە ساڵی نەوەد و یەكەوە تا ئێستا، هەرێمی كوردستان قەیرانێكی سەختی دارایی وای نەبینیوە، بەڵام ئاسۆی هەرێمی كوردستان ڕوونە و بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنێت".

(نێچیرڤان بارزانی) ئەمڕۆ چوارشەممە 10 - 2 - 2016 لەدوو کۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ بەرپرسان و كادیرانی پارتی لە تەواوی لقەكانی سنووری پارێزگای هەولێر سەر بە ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان باسی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانی کرد.

لە كۆبوونەوەكاندا جێگری سەرۆكی پارتی بە دوورودرێژی باسی لە دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش ڕەوشی ژیان و ژیاری مووچەخۆارن و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كرد و تیشكی خستە سەر هۆكارەكانی ئەم قەیرانە هەر لە بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە تا داسەپانی شەڕی داعش بەسەر هەرێمی كوردستاندا و پەناهێنانی نزیكەی ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێم و دوا هۆكاریش كە خراپترین كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست كرد، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا كە نەك هەر تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكوو بۆ تەواوی ئەو وڵاتانەی كە پشت بە داهاتی نەوتەوە دەبەستن، بۆتە مایەی كێشە و قەیرانی گەورە.

جێگری سەرۆكی پارتی ڕێز و پێزانینی بۆ خۆڕاگریی مووچەخۆران و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە بەرگەی ئەم دۆخە سەختەیان گرتووە و دەگرن و لەمبارەیەشەوە بەتایبەتی باسی لە ڕۆڵی كادیرانی حزب و پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی و كاریگەرییان بۆ پاراستنی ئارامی و تێگەیاندنی هاووڵاتیان لە مەترسییەكانی ئەم قەیرانە و بەرگەگرتن تا تێپەڕاندنی قەیرانەكە، كرد. هەروەها هەموو لایەكی دڵنیا كردەوە كە هەرێمی كوردستان بە دڵنیاییەوە ئەم قەیرانەش وەكو زۆر قەیرانی دیكە تێدەپەڕێنێت، هەرچەندە لە سەرەتای ساڵی نەوەد و یەكەوە تا ئێستا، هەرێمی كوردستان قەیرانێكی سەختی دارایی بمجۆرەی نەبینیوە، بەڵام دووپاتی كردەوە كە ئاسۆی هەرێمی كوردستان ڕوونە و بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنێت.

لە بەردەوامیی قسەكانیدا بۆ بەرپرس و كادیران و پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و ڕوونی كردەوە ئەگەر لەسەر چەند دۆسییایەكی دیاریكراویش لەگەڵ بەغدا نەگەنە ڕێككەوتن، بەڵام بۆ ئێستا و داهاتووی هەرێمی كوردستانیش پێویستە پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەبێت، چونكە عێراق ڕەهەندێكی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و كۆمەڵایەتیشی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و هەرێم لە هەر قۆناغێكدا بێت پێویستی بەوەیە كە گرنگییەكی تایبەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق بدات.

هەروەها تیشكی خستە سەر ئەو ڕێكارە كاتی و ناچارییانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە جێبەجێیان دەكات و لەمبارەیەشەوە هەموو لایەكی دڵنیا كردەوە كە حكوومەت دەزانێت ئەو ڕێكارانە كاریگەرییان لەسەر دۆخی هاووڵاتیان و ژیان و ژیاریان هەیە، بەڵام ڕێكاری ناچارین و تەنیا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە كاتییەن. هەروەك داوای كرد هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان هاوكاریی حكوومەت و پشتگیریی ڕێكارەكانی بكەن بۆ ئەوەی بتوانرێت سەركەوتوانە ئەم قەیرانە تێپەڕێنرێت.

لە كۆتایی هەردوو كۆبوونەوەكەدا بەرپرس و كادیرانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی كوردستان، چەندین سەرنج و تێبینییان بۆ سووككردنی قەیرانی دارایی لەسەر مووچەخۆر و تەواوی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی قەیرانەكە بە كەمترین زیان، خستە ڕوو و گفتوگۆ و دانوستانی تێروتەسەلیان لەسەر كرا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار