مه‌سروور بارزانی: ئێمه قسه له‌باره‌ی مافێك ده‌كه‌ین، كه كوردیش وه‌كو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه هه‌یه‌تی

هەولێر-KDP.info- (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كوردستان دوێنێ 9/2/2016 له دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ ئه‌سۆشێیتیت پرێس داوای له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد، كه پێویسته له‌پێناو بردنه‌وه‌ی جه‌نگی دژ به گرووپی تیرۆریستانی داعش، جگه له دابینكردنی پێداویستی سه‌ربازی، پێویسته یارمه‌تی دارایی پێشمه‌رگه‌ش بكرێ. ئه‌مه‌ش به‌شێكه له دیداره‌كه:
له‌باره‌ی كاریگه‌ری قه‌یرانی دارایی، كه روبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه، مه‌سروور بارزانی گوتی: كاریگه‌ری له پێشمه‌رگه ده‌كات. له‌راستیدا ئه‌وه موعجیزه‌یه، كه پێشمه‌رگه بێ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی پێ بدرێ، به‌ڵام تا ئێستا به چه‌كی كۆن له هێلی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی داعشه. بۆیه پێموایه ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌وه بگات، كه له كۆتاییدا ئه‌وانه‌ش مرۆڤن و خێزاندارن و پێویستیان به‌وه‌یه چاودێری خێزان و ماڵ و منداڵیان بكه‌ن. هه‌روه‌ها پێموایه ئه‌وه به‌رپرسیارێتی هه‌موو جیهانه، كه یارمه‌تی پێشمه‌رگه بدات بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه بباته‌وه، نه‌ك ته‌نها له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی دڵنیا بن، كه قه‌یرانی دارایی بۆ بردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه كاریگه‌ری نه‌بێت.
له‌باره‌ی مافی سرووشتی كورد بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: ئێستا ئێمه سه‌ربه‌خۆیی راناگه‌یه‌نین، به‌ڵكو ئێمه قسه له‌باره‌ی مافێك ده‌كه‌ین، كه كوردیش وه‌كو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه هه‌یه‌تی، هه‌ركاتێك هه‌ستیان كرد كاتی پیاده‌كردنی ئه‌و مافه هاتووه، پیشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین جیهانیش له‌وه تێ بگات.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی كورد داوای ده‌كات، دابینكردنی ئاینده‌ی خۆیان و منداڵه‌كانیانه، ئه‌مه‌ش مافی خۆیه‌تی. ئێمه هه‌وڵماندا له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته بمێنینه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌غدا یا ده‌سه‌لاتدارانی به‌غدا كورد وه‌ك هاوبه‌شێكی یه‌كسان دانه‌نێن، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام كورد دووربخاته‌وه، كه‌واته نابێ گله‌یی له كورد بكرێ له گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌رێكێ باشتر.
هه‌ر سه‌باره‌ت به پاساوه‌كانی رێگه‌گرتن و ئاسته‌نگ نانه‌وه له پێش پیاده‌كردنی ئه‌و مافه سرووشتیه، (مه‌سروور بارزانی) گوتی: ئێستا كاته‌كه قوڕسه، به‌ڵام پێم بڵی بۆ كوردستان چۆن ئاسان ده‌بێ ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت؟ ئێستا ئێمه ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ نین، ئایا ئێمه ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین؟ ئایا به‌غدا ده‌یه‌وێ ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات؟ نه‌خێر، كوردستان ئێستا سه‌ربه‌خۆیی له به‌غدا راناگه‌یه‌نێ یا هه‌ر وڵاتێكی دیكه وه‌ك پاساوێك ئه‌مه به‌كاربهێنێ و بڵێ ئێوه به دوای سه‌ربه‌خۆیین.
له‌باره‌ی بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان كێشه‌ی ناوخۆیی و پیاده‌كردنی ئه‌و مافه، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: وڵاتانی دیكه‌ی سه‌ربه‌خۆش كێشه‌ی ناوخۆی خۆیان هه‌یه، من پێموا نییه ئه‌مه ببێته پاساو، كه ئه‌و مافه به كورد ره‌وا نه‌بینرێ، كه شایسته‌یه‌تی و پێش چه‌ند ده‌یه و سه‌ده شایه‌نی بوو.
له‌باره‌ی ئه‌و پرۆپاگه‌ندانه‌ی ده‌كرێ به‌رامبه‌ر هه‌ندێ گوندی عه‌ره‌بنشین، (مه‌سروور بارزانی) گوتی: من به‌خێرهاتنی هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌م، كه بچێ دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌و عه‌ره‌بانه بكات، چ ئه‌وانه‌ی له كوردستان ئاواره‌ن و چ ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه گونده‌كانی خۆیان تا به‌چاوی خۆی ببینێ، ئه‌وان چۆن هه‌ست ده‌كه‌ن، به‌ڵام له راستیدا هه‌ندی ناوچه هه‌یه، كه نه كورد نه عه‌ره‌ب ناتوانن بۆی بگه‌ڕێنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆنی شه‌ڕن.




