ڕێژەی قوربانیانی مین لە كەمبوونەوەدایە

هەولێر-KDP.info- دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان دەڵێ، ئامارێكی وردیان نییە پێوەست بێ بە قوربانیانی بۆمبی چێنراو لەنێو هێزەكانی پێشمەرگە و هاووڵاتیاندا، بەڵام ڕایگەیاندووە كە، كاركردن و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە لایەن تیمەكانیانەوە، ڕێژەی قوربانیانی بۆ نزیكەی نیوە كەم كردووەتەوە.
دەزگای گشتیی كاروباری مین، لە ڕاگەیێندراوێكیدا كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە دەڵێ، تیمەكانی هۆشیاركردنەوەی دەزگای مین و سەرجەم ئەو رێكخراوانەی كە كاری هۆشیاركردنەوە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن، لە ساڵی 2015 توانیویانە پەیام و رێنماییەكانی هۆشیاركردنەوە بە 217 هەزار هاوڵاتی بە هەموو چین و توێژەكانەوە بگەیەنن.
ئاگاداركردنەوە و هۆشیاركردنەوەكان لە ڕێگەی (پۆستەر، نامیلكە، گۆڤار، لفلێت و هۆكاری تر) بووە؛ كە زۆربەی چالاكییەكانی هۆشیاركردنەوەیش لە ساڵی رابردوودا لە كەمپەكانی پەنابەرانی كوردی سووریا و ئاوارەكانی ناوخۆ ئەنجام دراون، هەروەها ئەو هاووڵاتیانەی كە لە ئەنجامی شەڕی داعش ئاوارە ببوون و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەرنامەی هۆشیاركردنەوەیان پێشكەش كراوە.
بەپێی راگەیێندراوەكە، بە هۆی جێبەجێكردنی بەرنامەی هۆشیاركردنەوە بەو شێوە بەرفراوانە، ژمارەی قوربانیانی مین و تەقەمەنی لە ساڵی 2015 تەنیا 19 كەس بووە، ئەمە لە كاتێكدا كە ساڵی 2014 ژمارەی قوربانیان 32 كەس بووە.لە ئێستادا لەبەر نەبوونی ئامارێكی وردی قوربانیانی بۆمبی چێنراو، ژمارەی بەركەوتووان (لەنێو هێزەكانی پێشمەرگە و هاووڵاتیان) ژمارەی قوربانیانی بۆمبی چێنراو بەردەست نییە. لەبەر ئەو هۆكارەیە ئەو ژمارەیە تەنیا قوربانیانی مین و تەقەمەنی دەگرێتەوە.






