نێچیرڤان بارزانی پێویستە ڕێ لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ بگیرێ.. سەرەخۆشی لە باڵیۆزی فلپین کرد

ھەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی فلپین لە عێراق، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، پێویستە میكانزمێكی پتەوتر لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فلپین بۆ ئەو كارمەندە فلپینیانە هەبێت كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. گوتیشی، پێویستە لەو كەس و گرووپانەی دەرەوەی وڵاتیش بپێچرێتەوە کە بازرگانییان پێوە دەكەن؛ وەک ڕێچارەیەکیش پیویستە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت.
ئەم قسانەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی دیداریدا بوو لەگەڵ (ئەلمەر كاتۆ) باڵیۆزی فلپین لە عێراق و شاندێكی یاوەری کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر ساز درا.
لە دیدارێكدا (كاتۆ) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و، سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كودستان كرد كە لە چركەساتی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەری مەساجی هوتێل كاپیتۆل لە هەولێر و دوای ڕووداوەكەش كە ژمارەیەك لە كارمەندانی فلپینی تێیدا بوونە قوربانی، هەموو هاوكارییەكی لە ڕووی لێكۆڵینەوە و ئامادەكارییەكان بۆ ناردنەوەی تەرمی قوربانیان بۆ وڵاتەکەیان، پێشكەش كردووە.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و، سەرەخۆشیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە ڕێگەی باڵیۆزی فلپینەوە بۆ حكوومەت و خەڵك و كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دەربڕی و، دڵنیای كردنەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەموو هەوڵ و تەقەلای خۆیان دەدەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە و سزادانی ئەو كەسانەی كەمتەرخەمییان كردووە. ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هاوكارییەك بە مەبەستی گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیان پیشان دا.
هەروەها دووپاتی كردەوە، كە پێویستە میكانزمێكی پتەوتر لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فلپین بۆ ئەو كارمەندە فلپینیانە هەبێت كە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لەوانەش ئاسانكاریی هاتوچۆ و لێپرسینەوە لەو كەس و گرووپانەی لە دەرەوەی وڵات بازرگانییان پێوە دەكەن بۆ ئەوەی ڕێگری لەو كارەیان بكرێت و، لەجیاتی ئەمە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ڕاسپاردەی دایە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی فلپینی هاوكاری بكەن و كارەكانیان لەمڕووەوە ئەنجام بدەن.
تاوتووكردنی بارودۆخی ئێستای ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




