شیوعی: دەبێ دەرفەت بدرێتە كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان ئاماژەی دا، دەبێت هەموو لایەنەكان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. جەختیش دەكاتەوە كە، دەبێت دەرفەت بدرێتە كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان، چونكە تاكە چارەیە بۆ قەیرانەكانی ئێستای كوردستان.
"گفتوگۆ رێگایەكە جێگرەوەی نییە، سەرجەم رێگاكانی تر لە نێوان لایەنەكاندا تاقی كراونەتەوە، بەڵام هیچ دەرئەنجامێكیان نەبووە، لە ئەزمونی وڵاتانی دیكەیشدا ئەوە سەلمێنراوە كە تاكە رێگایەك هێزە سیاسییەكان لە یەك بەرەدا كۆ بكاتەوە، گفتووگۆیە". ئەمە قسەی (سوبحی مەهدی) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستانە.
ئاماژە بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی كوردستان، (سوبحی مەهدی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارە ببێت، دەبێت لایەنەكان بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ، ناكرێت بە ویستی مەرج و مەرجكاری لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتن بكرێت".
گوتیشی: "لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكاندا قسەمان كردووە و لەگەڵیان كۆ بووینەتەوە كە دوا كۆبوونەوەمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بووە و، راشكاوانە ئەمەمان پێ گوتوون و ئێستایش لەگەڵ ئەو بۆ چوونەینەن كە دەبێت لایەنەكان بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ".
لەبارەی كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمانیشەوە، (مەهدی) جەخت دەکاتەوە کە: "دەبێ دەرفەتێكی زەمەنی بدرێتە كۆمیتەكە، چونكە تاكە ئالییەتە بۆ ئەوەی لەم دۆخەدا بە دوای میكانیزمێكی باشدا بگەڕێت، هەر كەسێكیش باس لەوە دەكات دەبێت ئەو كۆمیتەیە پەك بخرێت، با بفەرمووێت خۆی رێگاچارە بدۆزێتەوە".
كارزان سەباح




