حەمید ئەفەندی: مەرجمان بۆ بەشداری لە ئازادكردنەوەی مووسڵدا هەیە

هەولێر- KDP.info- (حەمید ئەفەندی) بەرپرسی میحوەری باشیك دەڵێ، لەگەڵ یەكەم هەنگاوی دەستپێكردنی ئازادكردنەوەی مووسڵ، پێشمەرگە گەرەنتیی سنوورەكانی دەوێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە هێرش بۆ سەر هەرێمی كوردستان دووبارە نەبێتەوە.
(حەمید ئەفەندی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هێشتا كورد بڕیاری یەكلاكەرەوەی نەداوە كە پێشمەرگە بە چ شێوەیەك بەشداری لە ئازادكردنەوەی مووسڵ دەكات، چونكە دەبێت گەرەنتی وەربگرین لە حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانانیش، چونكە وەك سەركردایەتیی كورد بڕیاری خۆمان ئەوەیە كە سنووری خۆمان دیاری بكەن و بیانگێڕینەوە، بە تایبەتی ئەو بەشەی كە پەیوەندی بە نێوانی ئێمە و مووسڵەوە هەیە".
(ئەفەندی) گوتیشی: "وەك كورد ئەزموونمان لە بێسەروبەریی ئەمنییەتی عێراق وەرگرتووە و زیانێكی یەكجار زۆریشمان پێ گەییشتووە، هەروەها سەدان كیلۆمەترمان بە هۆی هەڵەی عێراقەوە داگیر كراوە و كەوتووەتە دەست داعشەوە، بۆیە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان یەكەم هەنگاوی لە ئازادكردنەوەی مووسڵ، دیاریكردنی سنووری خۆمان دەبێت لەگەڵ ئەو بەشەی كە پێی دەگوترێت سنووری مووسڵ - كوردستان و، دەمانەوێت پشتێنەیەكی ئەمنی و جێگیراو دروست بكرێت".
دەشڵێت: "ئالییەتی بەشداریكردنی هێزی پێمەرگە بۆ ئازادكردنەوەی مووسڵ جیاوازە، چونكە ئەوەی تا ئێستا بڕیارمان لەسەر داوە، ئەگەر پێشمەرگە بەشداری لە ئازادكردنەوەی ئەو شارەدا بكات، تەنیا ئەو شوێنانەی بۆی دەچین ئەوانە بن كە گرفت بۆ پێشمەرگە دروست نەكات، بۆ نموونە ناوشاری مووسڵ سنووری كوردستان نییە و پێویست ناكات پێشمەرگە بچێتە ناو شاری مووسڵ، بەڵام دەكرێت لە نەخشەی ستراتیژیی ئازادكردنەوەی شارەكەدا بەشدار بێت".
كارزان سەباح




