٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قوتابیان دڵخۆشن بە کەمکردنەوەی نرخی خوێندن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  دوێنێ سێشەممە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ سەرۆک‌زانکۆ و ڕاگری پەیمانگا تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە؛ بە لەبەرچاوگرتنی باری دارایی و ئابورییش بڕیار درا بە لێخۆشبوونی تێچووی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا ناحکوومییەکان.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی(د.یووسف گۆران) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کەمکردنەوەی نرخی خوێندنی پەیمانگا و کۆلێژە ناحکوومییەکانی رایگەیاند: "لە داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا ناحکوومیەکانی ھەرێمی کوردستان دا، هەوڵمان داوە کاریگەریی لەسەر کوالێتیی خوێندن لە زانکۆکان نەبێت، لە ئەنجامدا بریارمان دا بە لێخۆشبونی کرێی خوێندن بەڕێژەی (١٠%) لە پەیمانگا تایبەتەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦)و لێخۆشبوونی کرێیی خوێندن بەڕێژەی (١٥%) لە زانکۆ تایبەتەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦)".
ئاماژەیشی دا کە، قیستی خوێندن ھەروەک پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە، ساڵانە بەپێنچ قیست دەدرێت.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی تێچووی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا ناحکوومییەکان قوتابیان ئاوا ڕی خۆیان دەردەبڕن.
(ڕاز عوسمان) قوتابی لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی- ناحکوومی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دەستخۆشی لە چاکسازییەکانی حکوومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەین بۆ کەمکردنەوەی نرخی خوێندن. بەم بڕیارە ئێستا زۆربەی قوتابیان دەتوانن بەردەوام بن لە خوێندن و، قورسایی ئەم قەیرانە دارایی و ئابوورییە لەسەر کەم ببێتەوە".

(مەجید عەبدوڵڵا) باوکی قوتابیێکی لە پەیمانگایەکی ناحکوومی دەخوێنێت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وەک باوکی قوتابیێک و وەک پێشمەرگەیەک سوپاسی ئەم بڕیارەی حکوومەتی ھەرێم دەکەین؛ ئەو چاکسازیانەی لە زۆربەی وەزارەتەکانەوە دەستی پێکردووە وەک کەمکردنەوەی کرێیی (خانوو، خوێندن، شتومەک، ھێلەکانی گواستنەوە و ئینتەرنێت...ھتد) کارێکی زۆر باشە".
(مەجید) گوتیشی: "ڕاستە کە ئەو پاشەکەوتکردنەی مووچە کاریگەری بەسەر مووچەخۆرەوە هەیە، بەڵام هەرچۆن بێ خەڵکی دەتوانن ژیانیان بەڕێوە ببەن، هەڵبەت پێویستە لەسەرمان ھاوکاری حکوومەت بین، لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان بەرەنگاری قەیرانێکی وا کاتیی بەڵام سەخت بووەتەوە."
(سەرکەوت) کە قوتابییە لە زانکۆی حەیات، باوەڕی وایە: "ئەم چاکسازیانەی حکوومەت جێی دەستخۆشییە، چونکە ئەرکی ھەندێک لە قوتابیانیان کەم کردووەتەوە؛ خۆی لە ڕاستیدا پێویست بوو ئاسانکاریی زیاتریان بۆ بکرێت."
(سەرکەوت) دەڵێ، "ئێستا کوردستان لە حاڵەتێکی هگەستیاردایە و پێویستە پشتی سەرۆک (مەسعوود بارزانی) بگرین بۆ سەربەخۆیی و ریفراندۆم و گەیشتن بە دەوڵەتێ خۆمان".
فایزە پاڵانی

هەواڵی پەیوەندیدار