لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی لە کۆبوونەوەدایە

هەولێر-KDP.ino- لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی داراییی ئەنجوومەنی وەزیران کۆ دەبێتەوە و پێداچوونەوە بە مووچەی كارمەندانی ھێزەكانی ناوخۆیش، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ دەخاتە بەر باسەوە.
وەک زانراوە، ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی کە لە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەت، (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەت، (ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سرووشتییەكان، (عەلی سندی) وەزیری پلاندانان و (رابەر سدیق)لە وەزارەتی دارایی پێكدێت، كۆبوونەوەی بە ئامادەبوونی (كەریم شنگالی)وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە.
زانیارییەکان ئاماژە دەدەن کە، لەو كۆبوونەوەیەدا نیگەرانیی كارمەندانی پۆلیسی ھاتوچۆ هەروەها نیگەرانیی فەرمانبەرانی دامەزراوە جیاکانی دیکە تاوتوو دەكرێت و پرسی پێداچوونەوەیش بە سیستەمی نوێی مووچەی كارمەندانی ھێزەكانی ناوخۆ باسی لێوە دەكرێت.
كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی داراییی ھەرێمی كوردستان، لە كاتێكدایە دوای راگەیاندنی سیستەمی نوێی مووچەی فەرمانبەران و كەمكردنەوەی مووچەكانیان كارمەندانی پۆلیسی ھاتوچۆ لە سلێمانی بایكۆتی دەوامیان كرد.




