ئیمینکی: دادپەروەریی لەوەدانییە مووچەی کەم دەرامەتەکان کەم بکریتەوە

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ (8/2/2016) لە راگەیەندراوێکدا لە بارەی قەیرانی دارایی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند، دادپەروەری لەوەدا نییە مووچەی کەمدەرامە تەکات، بەتایبەتیش ئەوانەی مووچەکانییان خوار (500)ھەزار دینارە کەم بکرێتەوە.
(جەعفەرئێمینکی ) رایگەیاند: " دادپەروەری لەوەدانییە موچەی کەم دەرامەتەکان (500) پێنج سەد ھەزار دینار بەرەو خوارەوە کەم بکرێتەوە.
دەقی روونکردنەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
خشتەی تازەی مووچە لەسەر بنەمایەکی گشتگیر داندراوە کە ئەمەش ئاراستەیەکی تەندروستە و پێویستە پەلە بکرێت بۆ ئەوەی کەرتی تایبەتیش بەرپرسیاریەتی نیشتمانی خۆیان ھەڵبگرن و تەنیا مووچەخۆران نەکەونە ژێر باری ئەم قەیرانە.
ئەوانەی لە کەرتی تایبەت زیاتر لە (20) ساڵە دەوڵەمەند بوونە کاتی ئەوە ھاتووە ئەوانیش بە ئەرکی سەر شانی خۆیان ھەڵسن رێژەیەکی دیار لە قازانجیان وەک باجی ڕاستەوخۆ پێشکەشی خەزینەی حکوومەت بکەن.
دەکرێت دەستکاری نرخی زۆری کەل و پەل و خزمەتگوزاری نەکرێت، بەڵام بەرێگای دانانی باج لەسەر بەکارھێندراوەکان کە لە دونیا ژێدەرەکی بەھێزە بۆ پەیداکردنی داھات کە مانگانە دەستکەوتێکی باش بۆ خەزینە دەگەرێنێتەوە.
دادپەروەری لەوەدانیە مووچەی کەم دەرامەتەکان (500) پێنج سەد ھەزار دینار بەرەو خوارەوە کەم بکرێتەوە پێویستە پەلە بکرێت ئەم برگەیە لە خشتەی نوێی پاشەکەوت کردنی مووچە ڕاست بکرێتەوە بەڵکو دادپەروەری لەوەدا خۆی دەبینێتەوە باج بەرێژەیەکی باش لەسەر (جگەرە، چێشتخانە گەشتیاریەکان و ھتد..) دابندرێت ھەتا لەڕوی معنەویشەوە پێویستە دەستکاری مووچەی کەمئەندامان و شەھیدانی زیندوو خانەوادەی شەھیدان نەکرێت، لە بری ئەوان داوا لە کۆمپانیاکانی پەیوەندی بکرێت ئەم رێژەیە پر بکەنەوە بە دانی رێژەی (80%) ی قازانجەکانیان بە خەزینەی حکوومەت تا کۆتایی ھاتنی ئەم قەیرانە.
پێویستە چاوپێ خشاندنەوە بکرێت بە مووچەی پزیشک و پەرستیار و کارمەندانی تەندروستی رێژەی پاشەکەوت کردنیان ڕاست بکرێتەوە چونکە زۆربەی ئەوانیش ھاوشێوەی پێشمەرگە لە سەنگەر دان.
دەبێت ئیمتیازێکی مەعنەوەی بە مامۆستایان بدرێت ئەویش لە کاتی ئاسایی بوونەوەی باری دارایی لە گەرانەوەی پاشەکەوت ئەولەویەتیان پێ بدرێت.
پەلە بکرێت لە داڕشتن و جێبەجێکردنی خاڵەکانی چاکسازی و زیادکردنی داھات لەوانە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی باجی مۆدێرن و دادپەروەر، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە پەلە بکرێت لە چاکسازی کارگێڕی بۆ ئەوەی ببێتە بنەما بۆ چاکسازی دارایی بۆ ئەوەی جارێکی تر توشی قەیرانی دارایی نەبینەوە.
ئەم فەرمانگانەی سیفەتی کارەکانیان لە یەکتر نزیکە یەک بخرێن و ژمارەی وەزارەتەکان کەم بکرێنەوە و پلە تایبەتەکان و بەڕێوەبەرەگشتیەکان لە چوار ساڵ زیاتر لە شوێنی خۆیان نەمێنن و سیستەمی خانەنشینی ھەموار بکرێتەوە.
ئەوەی گرنگە لەم قۆناغە دا متمانەی نێوان خەڵک و حکوومەت پتەوبکرێت ببێتە بنەما بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت باشتر لە جاران کارگێری قەیرانی دارایی بکات و چاکسازیەکی درێژخایەن لە بوارەکانی کارگێری و دارایی بکات بۆ ئەوەی خەڵکیش بتوانێت لە جاران باشتر پشتیوانی لە ھەنگاوەکانی حکومەت بکەن.
ئەم قەیرانە داراییە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی زەمینە سازیەکی باشتر لە جاران بۆ پرۆسەی سیاسی بدۆزینەوە و گرفتەکان بە روحیەتێکی نیشتمانی چارەبکەین وە تەوافق و سازان بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران بۆ ئەوەی بە روحیەتی یەک تیمی کار بکەین.
ئایا ھەموو ئەوکارانە بە ئێمە دەکرێت لە وەڵامدا دەلێین بەڵی
ھەنگاوی یەکەمی گرنگ لە پرۆسەی پاشەکەوتکردن دەستی پێکرد کە پێوستی بە بەدواداچونی ورد و راستکردنەوە و چاودێری ھەیە.
دەبێت بەردەوام بین و پاشگەز نەبینەوە دوو دڵیش نەبین لە ھەموو ئەو کۆسپانەی دەکەونە رێگا لە پەیڕەوکردنی پرۆسەی تەقەشوف و چاکسازی وە بەشێوازێکی مەدەنی و زانستی و بەیەکگرتوویی رووبەڕوویان ببینەوە پێمان وایە دوای چەند مانگێکی تر رەوشێکی تری ئابووری و دارایی سیاسی دێتە پێش باشتر و روناکتر لە جاران.
ناکرێت لە ترسی سایتە کۆمەڵایەتییەکان و ھەڕەشەی خەڵکانێکی توڕە بەرەی چاکسازی ھەڵبوەشێندرێتەوە وە ئەوەی گرنگە لەم قۆناغە دا پەرلەمان و حکوومەت و ھێزە سیاسیەکان یەک ھەلوێست بن و شەقامی ھەرێمی کوردستان پێوستی بە پەیامێکی بە پەلەی ئیجابی ھەیە با ئەم پەیامە لەبەر ھەر ھۆیەک بێت دوانەکەوێت، ئەوە چەند ساڵە ئێمە باسی چاکسازی دەکەین ئێستا پێوستی بە یەک ریزی و یەک ھەلوێستی ھەیە لە سەر رێگای چاکسازی با حسێن لە کەربەلا بەتەنیا جێنەھێلین".




