٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوای ٢ مانگ یەكەم زەنگی قوتابخانە لە سلۆپی لێ درا

سەرچاوە: KDP.info

سلۆپی-KDP.info-  حكوومەتی توركیا لە ماوەی یەك مانگی شەڕكردنی لەگەڵ پەكەكەدا لە شارۆچكەی سلۆپی، توانی هەموو خەندەقانی ئەو شارۆچكەیە دابخات و چەكدارانی پەكەكەیش لەو شارۆچكەیە بخاتە دەرەوە، بۆیە ماوەی ١٥ رۆژ دەبێت یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ هەڵگیراوە و ژیان ئاسایی بوەتەوە و، قوتابخانەكانیش بەرووی قوتابیاندا كراوەتەوە، بەڵام قوتابی لێ نابینرێت.

ژمارەی قوتابیانی شارۆچكەی سلۆپی ٣٩ هەزار و ١٢٨ قوتابی دەبێت، بەلآم كاتێك دەرگەی قوتابخانە بە رووی قوتابیاندا كرایەوە، تەنیا ١٠ هەزار قوتابی چوونە هۆڵی خوێندن و ئەوانی دیكە بوونیان نییە.

ماوەی ٢ مانگ دەبێت دەرگەی هەموو قوتابخانەكانی سلۆپی بە رووی قوتابیاندا داخرابوون هۆكارەكیشی سەختی شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی تورك بوو، بەلآم ئەمڕۆ زەنگی كردنەوەی قوتابخانەكان لێدرا، وەلێ قوتابیان وەكو پێویست روویان لە قوتابخانە نەكردوە.

هەموو ئەو قوتابیانەیشی ئامادەی هۆڵی خوێندن بوون، لە لایەن دایك یان باوكیانەوە هاتبوونە قوتابخانە، چونكە تائێستایش ترسیان هەیە لەوەی شەڕ هەڵبگیرسێتەوە و، رۆڵەكانیان ببێتە قوربانی.

مامۆستاكان تەنیا چیرۆكیان بۆ قوتابییەكان خوێندوەتەوە و، هەروەها زۆربەی كاتەكانیان لەناو باخچەی قوتابخانە بە وەرزش بەڕێكردوە، چونكە لایەنی دەروونی ئەو قوتابییانە زۆر تێكچوە و، ئەستەمە بە ئاسانی بتوانن بگەڕێنەوە سەر خوێندن.

رۆژنامەكانی توركیا بڵاویان كردوەتەوە، كە ئەمڕۆ بۆ قوتابیان سلۆپی زۆر خۆش بوە و قوتابیان هاوڕێكانی خۆیان بینیوە ون هەروەها لەگەڵ مامۆستاكانیاندا قسەی خۆشیان كردوە و بە پێكەنین و وەرزش و گۆرانی قوتابخانەیان بە جێهێشتوە.

بەڵام ئەگەر وەكو ئەمڕۆ لە كۆی ٣٩ هەزار قوتابی تەنیا ١٠ هەزار قوتابی ئامادە بێت، پێناچێت خوێندن درێژەی پێبدرێت.

 

كارزان گلی

هەواڵی پەیوەندیدار