پۆڵۆنیا.. توێژینەوە بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەکرێ

پۆڵۆنیا-KDP.info- بۆ یەکەم جار توێژینەوەیەکی یاسای نێودەوڵەتی بەناونیشانی "پرسی بەمیرات گرتنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و ئەگەری سەربەخۆیی کوردستان" لە پۆڵۆنیا دەکرێ.
زیاد ڕەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، پەرتووکێکی زانستی ئامادە دەکات و بەچاپی دەگەیەنێت بەناونیشانی "بەمیرات گرتنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە دوو قۆڵییەکان لە ئەگەری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکانی پۆڵۆنیا-عێڕاق". ئەو پەرتووکە توێژینەوەیەکی زانستی یاسایییە لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامەی ڤیەننای ساڵی 1978، تیایدا تاوتوێی کۆمەڵێك پرسی گرنگ و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی کراوە.
ئەو گۆڕانە گەورانەی کە لە جیهان هاتۆتە کایەوە و بەتایبەتی لە کیشوەری ئەورووپا، دوای ڕووخانی بلۆکی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1989، دابەش بوونی هەریەك لە وڵاتانی وەکو چیکۆسلۆڤاکیا و یۆگوسلاڤیا، وای کردووە بایەخی زیاتر بە پرسی بەمیرات گرتنی ڕێککەوتنەکان بدرێت. هەروەها بانگی سەربەخۆیی لە لایەن کۆسۆڤۆ و دابەش بوونی سودان بۆ سەر سودان و سودانی باشور، نمونەی ترن لە گۆڕانی پرس و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.
ئەو بڵاوکراوەیە بابەتێکی تریش لەخۆی دەگرێت کە ئەویش پرسی سەرهەڵدانی وڵاتێکی تازەیە لە کوردستانی عێراقدا و چۆنییەتی بەمیرات وەرگرتنی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە. لە یەکەم بەشی ئەو پەرتووکە زیاد ڕەئوف وەکو توێژەرێکی سیاسی و یاسایی و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا پوختەی هەلومەرجی سیاسی کوردستانی عێڕاق لە لێواری بانگەشەکردنی سەربەخۆییدا دەخاتەڕوو. ئەگەر پێشبینییەکان لە واقیعدا بەرجەستە ببن، ئەوا ئەو بڵاوکراوەیە شیکارێکی دەگمەنی یاسای نێودەوڵەتییە کە عادەتەن لەکاتی ڕووداوە جیهانییەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، یاساناسان لەبیریان نیە، لەگەڵ دروست بوونی دەوڵەتی کوردی نوێدا یارمەتیدەرێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەو دەوڵەتە.
بیری دروستکردنی ئەو لێکۆڵینەوەیە لە ئەنجامی چاوپێکەوتن و گفتوگۆی بەردەوامی نێوان زیاد ڕەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێم و پرۆفیسۆر پاڤێڵ چوبیك Paweł Czubik لە زانکۆی یاگێلۆنیان هاتە کایەوە. ژمارەیەك لە شارەزا و پسپۆری یاسای نێودەوڵەتی تریش هاوبەشن لە نوسینیدا بەشێوەیەك کە هەریەك لایەنێکی تایبەتی لە ڕێککەوتننامە دوو قۆڵییەکەی نێوان عێراق و پۆڵۆنیای وەرگرت و شیکاری سیاسی لەسەر کرد، کە ئایا ئەو ڕێککەوتننامانە بۆ کوردستان پێویستە یان نا، یاخود ئایا کوردستان چۆن ڕەفتاریان لەگەڵ بکات، وەریان بگرێت، گۆڕانکاریان تیایدا بکات یان ڕەتیان بکاتەوە. دوای بابەتەکەی زیاد ڕەئوف، هەریەك لە پسپۆڕان دکتۆر میخاو بالچیژاك Michał Balcerzak و دکتۆر پاڤێل فیلیپێك Paweł Filipek بەشێویەکی وورد باس لە ڕێککەوتننامە دووقۆڵیییەکان دەکەن. لەو توێژینەوەیەدا نەك تەنها قسە لەسەر بنچینە و دەقی یاساکان دەکرێت، بەڵکو باس لە ئامانجی دەستگرتن بە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی نوێی کوردستان و پۆڵۆنیا-ش دەکرێت. لەو چوارچێوەیەدا هەریەك لە توێژەران یەك لەدوای یەك توێژنینەوە و هەڵسەنگاندنەکانیان دەخەنەڕوو، لەوانە دکتۆر ڤۆیچێخ شچێـپان ستاشێڤسکی Wojciech Szczepan Staszewski لەبارەی ڕێكکەوتننامەی کولتوری، دکتۆر کاتاژینا مشۆنا کۆستشێڤا Katarzyna Myszona Kostrzewa لەبارەی ڕێککەوتننامەی شارستانی و هاتوچۆی ئاسمانی، دکتۆر پیۆتر شفێدۆ Piotr Szwedo لەبارەی ڕێککەوتننامەی ئابووری و تەکنیکی، دکتۆر دۆمینیك ڤۆڵسکی Dominik Wolski لەبارەی ڕێککەوتننامەی گەشتوگوزار، دکتۆر ڤۆیچێخ بورێك Wojciech Burek لەبارەی ڕێککەوتنی کۆنسوڵخانەکان، دکتۆر مارچین کالدونسکی Marcin Kałduński لەبارەی ڕێكکەوتنامەی گواستنەوە و گەیاندنی وشکانی و نێودەوڵەتی، پرۆفیسۆر پاڤێڵ چوبیك Paweł Czubik لەبارەی هاوکاری یاسایی، لێکۆڵینەوەکانیان بڵاوکردووەتەوە.
ئەم توێژنەوەیە بەرهەمی هاریکاری زانایانی چەند زانکۆیەکی پۆڵۆنیا و سەنتەری کوردیە بۆ ڕاگەیاندن و زانیاری لە پۆڵۆنیا، نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا سەرپەرشتی کردنی لە ئەستۆ گرتووە.




