یەكێتیی مامۆستایان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتدا كۆ دەبێتەوە.. نیو مووچەكە دابەش دەكرێت

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاند: "كۆمەڵێك داواكاریی تایبەت بە باشتركردنی ژیانی مامۆستایانمان ئاڕاستەی حكوومەت كردووە و، بڕیارە ئەم حەفتەیەیش لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتدا كۆ ببینەوە و وەڵامی داواكارییەكانمان بداتەوە".
(ئەحمەد گەرمیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆ بووینەوە و كۆمەڵێك داواكاریی تایبەت بە مامۆستایانمان ئاڕاستەی سەرۆكی حكوومەت كرد و، باسیان لەوە كرد كە تاوتوویان دەكەن و ئینجا وەڵاممان دەدەنەوە، بۆیە بڕیار بوو دوێنێ جارێكی دیكە كۆ ببینەوە و وەڵامی داواكارییەكانمان بدەنەوە، بەڵام دوێنێ كۆبوونەوەكە دوا خرا و بڕیارە لەم حەفتەیەدا كۆ ببینەوە، بەڵام رۆژەكەی هێشتا دیاری نەكراوە".
جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتیشی: "داوكارییەكانمان بریتی بوون لە پێدانی زەوی بە مامۆستایان و دەرماڵە نازناوی زانستی لەگەڵ كۆمەڵێك داواكاریی دیكە كە لە موعاناتی مامۆستایان كەم دەكاتەوە".
(گەرمیانی) دەشڵێت، پێدانی نیو مووچەی دیكە بە مامۆستایان یەكلا بووەتەوە، بەڵام بڕیارە لە دوای دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەران ئەو نیو مووچەیەیش دابەش بكرێت.
ڕوونیشی كردەوە كە "گەشبینین كە وەڵامەكانی حكوومەت بۆ ئیمە ئەرێنی دەبن و جێبەجێ دەكرێن".
بڵند ئیبراهیم




