سەرجەم قایمقامی پارێزگای دهۆك گۆڕدران

دهۆك-KDP.info- سەرجەم قایمقامەكانی شارۆچكەكانی سنووری پارێزگای دهۆك گۆڕدران، هەرچەندە پێشتر بەرنامەكە بەو جۆرە بووە كە كەسی تازە لە پۆستەكان دابنرێن، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئیدارەی پارێزگای دهۆك نەیتوانی ئەو پلانە جێبەجێ بكات، بۆیە بڕیاری داوە ئاڵوگۆڕ بە پۆستی قایمقامی قەزاكان بكات.
(خەلیل مەحموود) قایمقامی نوێی شارۆچكەی بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەپێی ئەوەی بڕیاری لێ دراوە، قایمقامی ئاكرێ دەگوازرێتەوە بۆ قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی دهۆك، قایمقامی شارۆچكەی سێمێل دەبێتە قایمقامی ئاكرێ، قایمقامی ئامێدی دەبێتە قایمقامی سێمێل، قایمقامی زاخۆ دەبێتە قایمقامی بەردەڕەش، قایمقامی بەردەڕەش دەبێتە قایمقامی شێخان، قایمقامی شێخان دەبێتە قایمقامی ئامێدی، هەروەها قایمقامی قەزای ناوەندیی دهۆكیش دەبێتە قایمقامی قەزای زاخۆ".
گوتیشی: "بڕیاری ئاڵوگۆڕی قایمقامەكان لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوودا دەرچووە، بەڵام تا ئێستا دەستمان بە دەوام نەكردووە، تا دەور و تەسلیم تەواو ببێت، بۆیە ئێمە هەر لە شوێنەكانی خۆمان دەوام دەكەین، بەڵام بە تەئكید لەو هەفتەیە تا هەفتەی داهاتوو لە شوێنە نوێیەكان دەستبەكار دەبین".
شایانی باسە، لە سنووری پارێزگای دهۆك 7 شارۆچكە هەن كە بریتین لە: زاخۆ، ئاكرێ، شێخان، بەردەڕەش، سێمێل، ئامێدی و سەنتەری شاری دهۆك.
ڕابین شێروانی




