٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دهۆک.. هەوڵی کەمکردنەوەی نرخی پێداویستی ڕۆژانە بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک دەڵێت، ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک لەگەڵ ھەموو ئەو لایەنانەدا کۆ دەبێتەوە کە پەیوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتیانەوە ھەیە، بۆ ئەوەی ھەوڵ بدەن نرخی کەلوپەل و ھەموو پێداویستی ڕۆژانەی ھاووڵاتیان کەم بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسی یەکە ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای دھۆک کۆ بوونەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک (فەھیم عەبدوڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی پارێزگا بەرنامەیەکمان دانا ھەر جارەو چینێک بانگهێشت بکەین، ئەوانەی کە گرێ دراون بە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتیانەوە، بۆ نموونە ڕۆژێکمان تەرخان کردبوو بۆ سووتەمەنی و ئەوانەی پەیوەندییان بە سووتەمەنییەوە ھەیە و، ڕۆژێک بۆ کەرتی تەندروستی ئەوانەی سەر بەوانن و ڕۆژێکمان دیاری کردووە بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی نرخەکانی؛ جا ھەموو لایەنێک بانگهێشت دەکەین بێنە ئەنجومەن و ڕاوبۆ چوونیان وەربگرین و، ھەرکاتێک گەیشتینە ئەنجامێک دەیدەینە پارێزگا، بۆ ئەوەی بەڵاوی بکەنەوە، باری گرانی خەڵک لە قەیرانی دارایی سووک بێتەوە و، نرخی ھەموو شتێک کەم بکرێتەوە."
گوتیشی، لە دوای دەرچوونی ھەندێک بڕیارەکانی حکوومەت پێمان باش بوو بەیەکەوە دانیشین و ڕاگۆڕینەوە بکەین و، ھەموو ھەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بۆ خزمەتکردنی خەڵک، بۆیە ئێمەش لەسەر ئەو پرسانە ئەمڕۆ بە بەشداری پارێزگار و ھەردوو جێگرەکەی و، ھەر حەفت قایمقامی سەر بەپارێزگا کۆ ببووینەوە و، زۆر شت ڕوون بووە لەبەر ئەوەی پارێزگاریش لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەشدار بووە و، زۆر پێشنیاری باشیش کرا، بۆیە کۆبوونەوەکانمان لەسەر ئەو پرسە بەردەوامی دەبێت و، کۆتایییان پێ نەھاتووە.
سەرۆک ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک ڕوونیشی کردەوە، لە دوای ئەوەی کۆبوونەوە تەواو دەبێ، دواتر ھەنگاوی کرداریی لێ دەکەوێتەوە و، نرخی شتەکان پێویستە ئەرزان بکرێت، بۆ نموونە نرخی غاز ئەرزان بێت و، نرخی کرێیەکان کەم بکرێتەوە.
ئاشکراشی کرد، ئێستا سێ کۆمپانیا بەنزین بۆ دھۆک دەھێنن ئێمە کار دەکەین ئەو ژمارەیە زیاتر بێت بۆ ئەوەی منافەسە دروست بێت و، بەنزین ئەرزان بکەن وەکو ئەوەی ئێستا لە پارێزگای ھەولێر ھەیە و، جگە لەوەش کار دەکەین بۆ ئەوەی دانانی بەنزیخانە ئازاد بێت، چونکە ناکرێت مۆڵەت بە یەکێک بدرێت بە یەکێکی دیکە نەدرێت، بۆیە گەر ئەمە بکرێت ھەموو جۆرە سووتەمەنییەک ئەرزان دەبێت.
(عەبدوڵا) ڕاشیگەیاند: "ھەندێک شت وەکو جوانکاری خۆی نرخەکەی ئەرزان بووە و، ئەوەی پێویستی ڕۆژانەی ھاووڵاتیان وەکو سەوزە و خۆراک و گۆشت و چەند کەلوپەلێکی دیکە دەمینێتەوە، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەین نرخی ئەوانەش کەم ببێتەوە."
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار