"حکوومەت دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران..لەگەڵ زیادبوونی داهات دەستکاری خشتەی مووچە دەکرێ"

هەولێر-KDP.info- وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ خۆڕاگریی فەرمانبەران و تێکڕای خەڵکی کوردستان، دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەك کە حکوومەتی هەرێمى كوردستان لە هەنگاوەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردن و شەفافکردنی داهاتەکان و ئەنجامدانی چاکسازی. هەموو ئەوەش لە پێناو ئەوەی بتوانین ئەم دۆخە سەختە دارایییه تێپەڕێنین و مووچەی تەواوی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا دابین بکەین.
دەزانین ئەم خشتەیەی حکوومەت بڕیاری لەسەر داوە باری مووچەخۆرانی کوردستانی گران کردووە، بەڵام ئەمە بڕیارێکی کاتی و ناچارییە، بۆیە دڵنیایی دەدەینە مووچەخۆران کە لەگەڵ زیادبوونی هەر داهاتێك ئەم خشتەیە پێداچوونهوه و گۆڕانکاری تێدا دەکرێتەوە بە شێوەیەك کە کاریگەریی باشی لەسەر ئەو مووچەخۆرانە ببێت كه زۆرترین قورساییان کەوتۆتە سەر.
لە هەمان کاتدا ئەوەش دووپات دەکەینەوە کە مووچە و مافی خەڵك لای حکوومەت پارێزراو دەبێت و هەموو هەوڵەکانیشمان دەخەینە گەڕ بۆ دابەزاندنی نرخی بازاڕ و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵك، ههروهها دەستخۆشى لەهەر کەس و لایەنێك دەکەین کە نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی دابەزاندووە یان دایدەبەزێنێت.
سهفین دزهیى
گوتهبێژى فهرمیى حكوومهتى ههرێمى كوردستان




