پەكەكە بە ملیۆنان دۆلار زیانی لە هەرێمی كوردستان و باكوور داوە

ئامهد-KDP.info- شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا جگە لەوەی كاریگەریی دەروونیی خراپی لەسەر هاووڵاتیان دروست كردووە، بەڵام زۆرترین زیان بەر كەرتی ئابووری كەوتووە. ئابووریناسان پێیان وایە لە ماوەی 6 مانگی شەڕی نێوان ئەو 2 لایەنەدا زیاتر لە 1ملیار دۆلار زیان بەر باكوور كەوتووە، ئەمە جگە لەوەی لە هەموو ئەو شوێنانەی شەڕی تێدایە كار و كەسابەت وەستاوە.
حكوومەتی هەرێمی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی سنووری لەگەڵ ئەو شەڕەدا نزیكە و گومرگەكانی دەكەونە سەر ئەو شوێنانەی شەڕی تێدا سەختە، بۆیە لە ڕووی ئابوورییەوە زیانی زۆری بەركەوتووە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی تەلەڤزیۆنی توركییەکەی سیئێنئێنی بڵاوی كردووەتەوە، پەكەكە بە هیچ شێوەیەك ڕەچاوی ئابووریی باكوور ناكات و، ئەوەی ئەو مەبەستیەتی پارێزگاریكردنە لەو خەندەقانەی كە دروستی كردووە، هەروەها ئەو كانتۆنانەی كە ڕایگەیاندوون.
تەلەڤزیۆنی ناوبراو باسی لەوەیش كردووە، كە پەكەكە 2 مانگ بەر لە ئێستا لوولەنەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیای تەقاندەوە، كە بوە هۆكاری ئەوەی بڕی 500ملیۆن دۆلار زیان بە هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، هەروەها دەیان بازرگانی كوردی باشوور لەبەر ئەو شەڕە ناتوانن وەكو جاران كاری بازرگانی بكەن.
ئەو شەڕە زیانی تەنیا لە بازرگانان و خەڵكی باكوور نەداوە، بەڵكو گەشتیارانی باشووریش زیانیان بەر كەتوە. بۆ نموونە جاران لە ڕێگەی پاسەوە بە بڕی 80$ دەیانتوانی بچن بۆ توركیا و گەشتی خۆیان ئەنجام بدەن، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی پەكەكە و حكوومەتی توركیا شەڕیان لەسەر سنوور چڕ كردوەتەوە، بۆیە گەشتیاران ناچارن زیاتر لە 400$ بە فڕۆكە بدەن و گەشتەكانیان بە فڕۆكە بکەن.
(عیماد بەكر) كە بازرگانێكی كوردە و، كەلوپەلی منداڵان لە توركیاوە بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنێت، دەڵێت ئەو شەڕە هۆكار بووە بەوەی زیانێكی ئابووری زۆری بەر بكەوێت.
ئەو بۆ KDP ئاماژە دەدات، كە ماوەی 4 مانگ دەبێت بە هەموو شێوەیەك كارەكانی ڕاوەستاوە، چونكە ناوێرێت بە ڕێگەی وشكانی كەلوپەلەكانی بگوازێتەوە، بە فڕۆكەیش لە ڕووی ئابوورییەوە زیانی بەر دەكەوێت، بۆیە گلەیی لە پەكەكە كرد، بەوەی ڕەچاوی كاسبكاران ناكات.
لە مانگی ڕابردوو حكوومەتی توركیا بە بڕیارێك سنووری ئیبراهیمی خەلیلی داخست و، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە دەیانەوێت ئەو خەندەقانە دابخەن كە پەكەكە لە سلۆپی هەڵیكەندووە، بۆیە داخستنی سنوور بۆ ماوەی یەك حەفتە زیانی 100ملیۆن دۆلاری بە هەرێمی كوردستان گەیاند. ئەگەر شەڕیش هەروا بەردەوامی هەبێت و، پەكەكە داكۆكی لە خەندەقەكان و كانتۆنەكانی بكات، دووبارە داخرانی سنووری ئیبراهیم خەلیل ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە.
ڕۆژنامەی ڕادیكاڵی توركیا لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كە خەڵكی باكوور باجی ئەو خەندەقانە دەدەن كە پەكەكە دروستی كردووە. ئەو ڕۆژنامەیە نموونەی ئەو خانوانە دەهێنێتەوە كە پەكەكە خەندەقی لەبەردەم دروست كردوون و خاپوور كراون، كە ڕێژەكەیان هەزار خانووی تێپەڕاندوە، تەنانەت لە گەڕەكی نوور لە حەزیرە تەواوی خانوەكان ڕووخاون، كە ئەمەیش خەڵكەكە باجەكەی دەدات. هەروەها هەڕەشەیش لە هەموو ئەو شۆفێرانە دەكەن كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كار دەكەن و، پێیان دەڵێن كە بە هیچ شێوەیەك بۆتان نییە بەو خاكەدا تێپەڕن، چونكە وەكو جاسووسی توركیا بە كارتان دەهێنێت.
سهرچاوهگهلێكی چاودێر بهسهر ئهم دۆخهی له باكوور هاتووهته ئاراوه دهڵێن، كە ئەگەر پەكەكە ڕەچاوی ژیانی ئابووری خەڵك بكات، پێویستە بە بەرپرسیارییەتییەوە مامەڵە بكات و، ڕێگە نەدات خەڵك زیانی ئابووریی بەر بكەوێت، چونكە لێدان لە ئابووری هاووڵاتیان زیانەكەی بۆ پەكەكە دەبێت و، خەڵك دەماری توڕەیی زیاتر هەڵدەستێت.
كارزان گلی




