مەسروور بارزانی: چارهكردنی گرفتهكان لهوهوه دهست پێدهكات ددان به ههڵهكاندا بنرێت.. كەس ناتوانێت دژی مافە سروشتییەکەی کورد بوەستێتەوە

هەولێر-KDP.info- (مەسروور بارزانی) راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند، گرینگە ریفراندۆم ببێتە ئەو هۆكارەی یەكڕیزیی ناوماڵی كورد رێكبخاتەوە و دەبێت دەستكەوتە نیشتمانییەكانیش بۆ هەموو لایەك بێت. هاوکات بە گرینگی دەزانێ کە، سیستەمێكی ئابووریی بەهێز لەسەر بنەمایەكی زانستی درووست بكرێت و خەڵك نەك تەنیا ئاگاداربێت، بەڵكو بەشداریش بێـت.
لەو كاتەوەتیرۆریستانی داعش هێرشیان كردۆتەسەر كوردستان كەوا بۆ نزیكەی دووساڵ دەچێت، (مەسروور بارزانی) وەك پێشمەرگەیەك لە بەرەكانی شەڕ هاوشانی پێشمەرگەقارەمانەكانی كوردستان لە سەنگەری پێشەوەی شەڕی بەرگریكردنەلەخاكی پیرۆزی كوردستان. ئەو وەك راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان خاوەنی ئەزموونێكی گەورەیەلەشەڕی دژی تیرۆریستان و ئەو سەقامگیری و ئارامییەی كوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوو بەخۆیەوەبینیوە، بەرهەمی پلانەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان و رۆڵەقارەمانەكانی ئەو دەزگایەن كەشەو و رۆژیان خستۆتەسەریەك بۆ پاراستنی سەلامەتی و كەرامەتی هاووڵاتیانی كوردستان، لە ماوەی نزیكەی دووساڵی شەڕی داعشیشدا كەهێزی پێشمەرگەلە سەرەتاوەئەزموونێكی ئەوتۆی لە شەڕی دژی تیرۆریستان نەبوو، بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی راستەوخۆی (مسروور بارزانی)، توانرا ئەزموون و شارەزایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بگوازرێتەوەبۆ ناو هێزی پێشمەرگەو تەرازووی هێزی شەڕەكەبۆ بەرژەوەندی پێشمەرگەبگۆڕێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، مسرور بارزانی دەنگی راستەقینەی پێشمەرگەبووەلەمیدیاكانی جیهاندا و توانی زۆر بەسەركەوتوویی پێداویستییەكانی پێشمەرگەلەناو رای گشتی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش وێنا بكات و سەرنجی میدیاكانی جیهان بۆ سەركەوتنەكان و پێداویستییەكانی پێشمەرگەرابكێشێت، زیاد لەمەش دوای ئەوەی بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) و فەرماندەیی (مسروور بارزانی) توانرا بەنداوی مووسڵ و ناوچەی زومار ئازادبكرێت، پەرلەمانی ئەورووپا بەفەرمی بانگهێشتی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی كوردستانیان كرد بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمانی ئەورووپادا لەزاری ئەوەوەگوێ بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگەبگرن، دوای ئەوەش لەگەڵ ژمارەیەك لەوەزیرانی بەرگریی دەوڵەتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا بەتایبەتی لەسەر ئەم پرسەكۆبوونەوەی ئەنجامدا، لەئێستاشدا كەبەرنامەو پلانی ئەنجومەنی ئاسایش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەبوونەتە سیمبولی تێكشكاندنی داعش لە ناوچەكە، هێزەكانی دژەتیرۆری ئەنجوومەنی ئاسایش توانیویانەگەورەترین ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ هێزەتایبەتەكانی ئەمریكا لەناو جەرگەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش ئەنجام بدەن، لەسەر زەمینەی ئەم سەركەوتنەگەورانەی پێشمەرگە، ئێستا كوردستان بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو هەڵدەگرێت. لە هەمانكاتدا رووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و دارایی قورس بۆتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانەبەشێوەیەكی گشتی و چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانی ئێستا، حەفتەنامەی گوڵان ئەم دیمانەتایبەتەی لەگەڵ (مسروور بارزانی) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان ئەنجام داوە و بەمجۆرەوەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
چارەی قەیران کاری جیددی دەوێ
* لە دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر كوردستان، هەردوو ساڵی 2014 و 2015 ساڵی خۆسەلماندنی كوردستان بوو، بەوەی دەتوانێت خاكی خۆی لەتیرۆریستان بپارێزێت. سوپاس بۆ خوا و سەركردایەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی و ئیرادەی پێشمەرگەی كوردستان، ئێستا هەموو جیهان دان بەو راستییەدا دەنێت كەكوردستان خۆی سەلماندووە، لەسەر ئەم بنەمایەئومێدێكی گەورەهەیەكەساڵی 2016 ساڵی كوردستان بێت. ئایا بەڕێزتان دوای تێپەڕاندنی ئەو دوو ساڵەقورسە، خوێندنەوەتان بۆ 2016 چییە؟ ئایا ئومێد دەكەن ئەمساڵ ساڵی كوردستان و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بێت؟
مەسروور بارزانی: هیوادارم ئەمساڵ ساڵی سەركەوتنی كوردستان و گەیشتن بە هەموو مافە رەواكانی گەلەكەمان بێت، بەڵام پێویستە واقیعی بین. هێشتا داعش وەك مەترسییەكی سەرەكی ماوە و پێویستە بەردەوام بین لە شەڕی تیرۆر و پاراستنی هەرێمی كوردستان. هەروەها كوردستان چەندین قەیرانی تری بەخۆوە بینیوە، وەك قەیرانی دارایی و قەیرانی سیاسی، بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانانەش كاری جیددی پێویستە و هیوادارم هەموویان لە ئەمساڵدا چارەسەر بكرێن.
بابەتی ڕیفڕاندۆم لەسەر ئاستی دونیادا بە چڕی خراوەتە بەر باس
* لەوانەیەئەمەیەكەمین جار بێت ئەو هەلەبۆ كوردستان هاتبێتەپێشەوە، كە سەرۆك بارزانی راستەوخۆ لەگەڵ هەموو سەرۆكەكانی جیهان زۆر بە روونی و راشكاوی باس لەدامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكات. ئەوەی جێگەی بایەخ و سەرنجیشەجەنابی سەرۆك دەیەوێت پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بەشێوەیەكی ئاشتییانەو بەرێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ جیهان و دەوڵەتانی ئیقلیمی ئەم پرۆسەیەبەڕێوەبەرێت. ئایا تاچەند دەوڵەتانی رۆژئاوا و دەوڵەتانی ئیقلیمی وەڵامدانەوەی ئیجابییان بۆ ئەم هەوڵانەی سەرۆك بارزانی هەیە؟
مەسروور بارزانی: سەربەخۆیی مافێكی سروشتی گەلەكەمانە و كەس ئەو مافە بە ئێمە نابەخشێت، بەڵكو لێمان سەندراوە و پێویستە هەر كاتێ بۆمان كرا، مومارەسەی ئەو مافە بكەین. ئێستا زۆر لە وڵاتانی دنیا دان بەوەدا دەنێن كە غەدرێكی مێژوویی لە خەڵكی كوردستان كراوە و وەك هەموو گەلانی جیهان مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان هەیە. جەنابی سەرۆك زۆر بە باشی لە واقعی ئەمڕۆ و جیوپۆلۆتیكی ناوچەكە تێدەگات و تەنیا راگەیاندنی سەربەخۆیی كۆتایی كێشەكە نابێت، بەڵكو پێویستە بتوانین بە سەركەوتوویی وڵاتێكی سەربەخۆ بەڕێوە ببەین. بۆ ئەمەش پێویستە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ ولاتانی دراوسێ و زلهێزەكان و بەتایبەتی لەگەڵ عێراق بكەین، بۆ ئەوەی بزانن مادام سیستەمی فیدڕاڵی و سیستەمەكانی تری حوكمڕانی لە عێراق نەیانتوانیوە چارەسەری كێشەكانمان بكەن، پێویستە بۆ رێگرتن لە شەڕ و ماڵوێرانی بیر لەوە بكەینەوە كە وەك دوو دراوسێ و هاوپەیمان لەگەڵ عێراقدا بژین و پێویستە خەڵكی كوردستان بڕیار لەسەر شێوازی حوكمڕانی و مافی چارەنووسی خۆی بدات. لەبەر ئەوەش ئەم باسە زۆر بە چڕی ئێستا لەگەڵ هەموو وڵاتانی دیكەی دنیا باسی لێوە دەكرێت.
كەس ناتوانێت دژی مافە سروشتییەکەی کورد بوەستێتەوە
* لەسەر ئاستی ناوخۆیی كوردستان، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی هەموو حزبەسیاسییەكان و خەڵكی كوردستان فاكتەری سەرەكییەبۆ سەرخستنی ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی، سەرۆك بارزانی لەپەیامەكەی سەری ساڵدا، نەخشەڕێگەیەكی لەسەر ئاستی ناوخۆ بۆ حزبەسیاسییەكان راگەیاند و بەشی هەرەزۆری لایەنەسیاسییەكان پشتگیریان لێكرد. ئایا تاچەند رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و یەكڕیزی لایەنەسیاسییەكان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی گرنگە؟ ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان تاچەند لەسەر ئەم پرسەبەرنامەی هەیەبۆ ئەوەی لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا نەرمیی زیاتر بنوێنێت؟
مەسروور بارزانی: بێگومان یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و گەلی كوردستان بەگشتی گەورەترین فاكتەری سەركەوتنی گەلەكەمانە. جەنابی سەرۆك رایوایە پێویستە خەڵكی حەكەم بن و خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن، بەڵام بەداخەوە هەندێك جار بەرژەوەندیی تەسكی حزبی رێگە لە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان دەگرن. بۆیە حەق وایە هەر لایەنێك بەرژەوەندییە گشتییەكان بكاتە قوربانیی دەستكەوتی تایبەتی، ئەوا بكەوێتە ژێر پرسیاری خەڵك و بەرامبەر بە دەرئەنجامی هەڵوێستەكانی بەرپرسیار بێت. پارتی كە حزبێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە هەمیشە پێیوابووە كە بەرژەوەندییە باڵاكان بخاتە سەرووی بەرژەوەندیی حزبی و ئێستاش ریفراندۆم وەك پرۆسەیەك كە هەموو لایەنێك كۆبكاتەوە، گرنگە ببێتە ئەو هۆكارەی یەكڕیزیی ناوماڵی كورد رێكبخاتەوە و دەبێت دەستكەوتە نیشتمانییەكان بۆ هەموو لایەك بێت. پێویستە هەموو بە یەكەوە بڕیار لەسەر ئایندەی خۆمان بدەین، ئەوەش كارتێكی بەهێز دەبێت كە ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەنجامەكانی ریفراندۆم بڕیاری نەتەوەیەكە و داوای مافی سرۆشتی خۆی دەكات و كەس ناتوانێت دژی ئەمە بوەستێت كە گەلێك باس لە هەست و خواست و ویستی خۆی بكات.
دەبێ لەبارەی سەربەخۆییەوە لێکتێگەیشتن بێنینە ئاراوە
* ئامانج لەپرۆسەی ریفراندۆم وەك باس دەكرێت ئەوەیە، پاش ئەوەی پرۆسەی ریفراندۆم بە سەركەتوویی كۆتایی دێت، لەسەر ئاكامی ئەم ریفراندۆمەبڕیارەیەكەمجار لەگەڵ بەغدا وتووێژ بكرێت، ئەوجا لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ. ئایا تاچەند ئاكامی ئەو ریفراندۆمەبەو ئاستەگرنگەكەببێتەزەمینەیەك بۆ قسەكردن لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟
مەسروور بارزانی: ئەنجامدانی ریفراندۆم گرنگە بۆ ئەوەی بزانرێت خەڵكی كوردستان چی دەوێت. پێویستە ئەوەشمان لەبیرنەچێت، كە ریفراندۆم دەربڕینی رای خەڵكە نەك راگەیاندنی سەربەخۆیی، بۆیە زۆر پێم سەیرە هەندێك كەس دەڵێن كات گونجاو نییە بۆ ریفراندۆم. چۆن كات گونجاو نییە بۆ ئەوەی خەڵك بڵێن چییان دەویت؟ ئەنجامی ریفراندۆم باشترین بەڵگە دەبێت بۆ دیاركردنی ویستی خەڵكی كوردستان. ئەمە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە و هەمەلایەنەیە و سەركردایەتی ملكەچی بڕیاری خەڵك دەبێت و لەسەر بنەمای بڕیاری زۆرینەی خەڵكی كوردستان دەكرێت باس لە ئایندە و شێوازی حوكمڕانی و بڕیاری سیاسی بكرێت. ئێمە نامانەوێت بە شەڕ و توندوتیژی كێشەكان یەكلایی بكەینەوە، چونكە لەو بڕوایەدا نین هیچ لایەنێكمان لەوەدا سەركەوتوو بین، بەڵام بە لەیەك تێگەیشتن و قەناعەت بە یەكتر كردن، دەتوانین ئایندەیەكی رووناكتر بۆ خۆمان و بۆ گەلانی دەوروبەریش دەستەبەر بكەین، بۆ ئەوەش پێویستە لەگەڵ عێراق بە وردی قسەی لەسەر بكەین و لەوە تێبگەن كە مادام ناتوانن كورد وەك هاوبەش و یەكسان ببینن، ئیتر كاتی ئەوەیە رێگەبدەن بە خۆشی و ئاشتییانە لە یەك جیا ببینەوە و ببین بە هاوپەیمانی بەهێز بۆ یەكتر. بە لەیەك گەیشتن و رێككەوتن لەگەڵ عێراق حەساسیەتی وڵاتانی ناوچەكەش كەمتر دەبێت. هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دیكەش قسە بكرێت. گرنگ ئەوەیە كە بتوانین وەك گەلێك بە یەك هەڵوێست و یەك بڕیار ئەمە بكەین و بە پێی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكانیش كەس ناتوانێت بڕیاری گەلێك نادیدە بگرێت و ئۆمێدی سەركەوتنی گەلەكەمان بە گەیشتن بە ئامانجەكانی زۆر زیاتر دەبێت.
سیستەمی حوكمڕانی پێویستە لە سەر بنەمایەكی درووست بێت
* هەنگاوهەڵگرتن بۆ چاكسازی سیاسی و حوكمڕانی، پێویستییەكی دیكەی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانە، ئایا تاچەند بایەخ بەم پرسەگرنگەدراوەو تاچەند هەنگاوهەڵگرتن بۆ چاكسازی دەبێتەفاكتەرێك بۆ ئەوەی باشتر خەڵكی كوردستان بەشداری لەپرۆسەی سیاسی و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بكات؟
مەسروور بارزانی: سەقامگیری سیاسی لە كوردستان گرنگە بۆ حوكمڕانییەكی تەندروست، بەڵام پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت كە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان گرنگییەكی زیاتر بە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بدەن و تەنیا بیر لە ململانێی سیاسی و فراوانكردنی پێگەی خۆیان نەكەنەوە. سیستەمی حوكمڕانی پێویستە لە سەر بنەمایەكی درووست بێت، نەك لەبەر ئەوەی لایەنێكی سیاسی را و بۆچوونێكی جیاوازی هەیە، لایەنی تر دژی ئەوە هەڵوێست وەربگرێت. با بە قووڵی بیر لەوە بكرێتەوە كە كام سیستەمی حوكمڕانی زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان دەكات و زیاتر دەرهاوێشتەی حەزی خەڵكی كوردستانە. تا خەڵك زیاتر بە شێوەیەكی راستەوخۆ لە وەرگرتنی بڕیاردا بەشدار بن، بێگومان كاریگەرییان لە سەر بڕیارەكان زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لە بابەتی سەربەخۆیی هیچ ئالتەرناتیڤێك ناتوانێت جێگرەوەی بەشداری راستەوخۆی خەڵك بێت.
وەك پێشمەرگە و هاووڵاتیانی خاوەن هەڵوێست پاریزگاریکردنمان لە خاک بە ئەركی خۆمان زانیوە
* بەڕێزتان وەك راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان، لەسەرەتای دەستپێكی شەڕی داعشەوە، وەك پێشمەرگەلەسەنگەرەكانی پێشەوەبوون، دیارەئەمەش وەك باس دەكرێت لەبەر ئەوە بووە، شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆ پێشمەرگەشەڕێكی تازەبووەو هێندەی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەزموونی لە شەڕی دژی تیرۆریستان نەبووە، بەڵام بە ماوەیەكی كورت توانیتان هاوكاری پێشمەرگەبن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم شەڕەرابێن. ئایا تاچەند بۆ ئێوەقورس بوو، هاوشانی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆی كوردستان، ئەم ئەركەشتان كەوتەسەرشان؟
مەسروور بارزانی: وەك هەموو پێشمەرگەیەك و هاووڵاتیانی خاوەن هەڵوێست بە ئەركی خۆمان زانیوە بەشدار بین لە بەرگریكردن لە كوردستان و ئەم ئەركەمان لەسەر شان بووە، بەڵام بە هاتنی داعش بۆ سنوورەكانی كوردستان وەك پێشمەرگە، زۆر لە كادر و ئەفسەر و كارمەندەكانی دەزگاكانمان بەشدارییەكی راستەوخۆی ئەركی بەرگریكردنیان كردووە و دەورێكی كاریگەریشمان بینیوە لە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و بەتایبەتی لە ئاراستەكردنی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر دوژمن و گەیاندنی زانیاریی ورد و بەپەلە بە پێشمەرگە لەكاتی خۆیدا كە زۆر جار هۆكاری سەرەكی تێكشكاندنی دوژمن بووە. هەروەها بەردەوام لە هەموو وێستگە و پێوەندییەكانماندا لەگەڵ هاوپەیمانەكان باسمان لە پێداویستی چەك و لۆجستیكی و هاوكاری بۆ پێشمەرگە كردووە و بە شانازییەوە توانیومانە بەرهەمی باشیش بەدەست بێنین.
ئەوە باوەڕی پتەوی پێشمەرگەیە کە بەرگەی ئەم دۆخە دەگرێ
* بەحوكمی ئەزموونی دامەزراوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان، بەشی زۆری میدیاكانی جیهان بۆ پێداویستیی چەك و تەقەمەنی پێویست بۆ پێشمەرگەرای ئێوەوەردەگرن، بەڵام ئەوەی لەئێوەگوێمان لێبووە، هەتا ئێستاش هێزی پێشمەرگەبەو ئاستەپڕچەك نەكراوەكەبەپێی پێویست و بەبەردەوامی ئیدارەی شەڕێكی ئاوا گەورەلەگەڵ تیرۆریستان بكات، ئایا پێداویستی پێشمەرگەلەئێستادا چین؟
مەسروور بارزانی: پێشمەرگە وەك هێزێكی نیزامی و رێكخراو و خاوەن ئەزموون پێویستی بە هەموو چەكێكە كە هێزە مودێڕنەكان هەیانە. تا چەكی باشتر و قورستر و كاریگەرتر لەبەر دەستی پێشمەرگە بێت، پێشمەرگە سەركەوتووتر دەبێت و زیانی كەمتر دەبن. لەو چەكانەش تانك و تۆپی دوورهاوێژ و هەلیكۆپتەر و چەكی قورس و زرێپۆش و جلوبەرگی باش و عیتادی هەمەجۆرە. بەڵام ئێستا پێداویستیی هەرە سەرەكیی پێشمەرگە مووچە و میزانییەی گونجاوە كە بەداخەوە نەبوونی بودجە كاریگەری كردووەتە سەر دۆخەكە و ئەگەر پێشمەرگە و بیر و باوەڕی بەهێزی نەبێت، هیچ هێزێك بەرگەی ئەو دۆخە نالەبارە ناگرێت. بۆیە هیوادارم بژێوی ژیانی پێشمەرگە و دابینكردنی مووچە بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان بە زووترین كات چارەسەر بكرێت.
* هێزەكانی دژەتیرۆری سەر بەئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان، توانییان بە سەركەوتوویی لەگەڵ هێزەتایبەتەكانی ئەمریكا، بۆ یەكەمین جار لە شەڕی دژی داعش، ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی هاوبەش لەحەویجەئەنجام بدەن، ئێستاش لەستراتیژیەتی تازەی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش، باس لەئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ هێزەلۆكاڵەكان دەكرێت بۆ گۆڕینی ئاراستەی شەڕەكە، ئایا ئەو ئۆپەراسیۆنەهاوبەشەی هێزی دژەتیرۆر و هێزەتایبەتەكانی ئەمریكا، بووەزەمینەیەك بۆ ئەوەی ببێتەبەشێك لەستراتیژیەتی تێكشكاندنی داعش؟
مەسروور بارزانی: بێگومان ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كاریگەرییان لەسەر تێكشكاندنی دوژمن و رووخاندنی ورەی دوژمن هەیە. بەڵام لەوەش گرنگتر ئاماژەیە بە توانای هێزە تایبەتییەكانی خۆمان وەك دژەتیرۆر كە لە ئاستێكی زۆر بەرز دەتوانن لە پاڵ هێزە هاوشێوەكانیان لە هێزەكانی ئەمریكا ئۆپەراسیۆنی وا ورد و گرنگ ئەنجام بدەن.
پارتی لە هەوڵەکانی بۆ یەکڕیزی سەردەستە بووە و، رێگەیشی بە سەركەوتنی پیلانی وێرانكەریش نەداوە
* ئەگەر پرسیارێك سەبارەت بەپارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، دیارەئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان شانی داوەتەبەر ئەركێكی مێژوویی گەورەو لە بەرامبەر تەحەددییەكانی ناوخۆ و دەرەوەو ئیقلیمی راوەستاوە. ئایا پێویستەپارتی لەم قۆناخەدا چی بكات، بۆ ئەوەی لەئاستی ئەم بەرپرسیاریەتییەگەورەو مێژووییەدا بێت؟
مەسروور بارزانی: پارتی هەمیشە كوردایەتی كردووە و خۆی بە پارێزەری دەستكەوتە نیشتمانییەكان زانیوە و پێویستە لەم قۆناغەشدا هەموو هەوڵێك بدات بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە و پارێزگاری كردن لە نەتەوە و نیشتمان و هەنگاوی گونجاویش بهاوێژێت بۆ دەستەبەركردنی دەستكەوتی زیاتر و خوێندنەوەیەكی ژیرانەی هەبێت كە لە كام كات و ساتدا چ بڕیارێك بدات و چ هەنگاوێك بهاوێژێت. پارتی هەمیشە سەكۆیەكیش بووە بۆ كۆكردنەوەی هەموو خەڵكی كوردستان و لە یەك نزیككردنی بیر و بۆچوونی هێزە نیشتمانپەروەرەكان و رێگەی بە سەركەوتنی پیلانی وێرانكەریش نەداوە و ئێستاش ئەركی پارتی و هەموو هێزەكانی نیشتمانپەروەرە كە بەیەكەوە بارودۆخی ئێستای هەرێم بەرەو ئارامی و ئاساییكردنەوە ببەن و هەوڵی بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتریش بدەن لە هەموو روویەكەوە.
كێشەیەكی سەرەكی ئەوەیە كە خەڵك لە هەموو شت ئاگادار نییە
* دواپرسیارمان سەبارەت بەقەیرانی ئابووری و گوزەرانی خەڵكی كوردستانە. ئاشكرایەماوەی دووساڵەخەڵكی كوردستان قارەمانانەخۆڕاگری خۆیان پیشانداوەلە بەرامبەر ئەم قەیرانەئابوورییە، هەروەها سەرۆك بارزانی داوای لەحكومەت كردووەهەموو هەوڵێك بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم قەیرانەچارەسەر بكات. پرسیار ئەوەیەئایا بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، وێڕای چاكسازییەكانی حكومەت كەدەستی پێكردووە، تا چەند گرنگەدیالۆگێكی راستەوخۆ لەنێوان حكومەت و خەڵك هەبێت، بۆ ئەوەی پێكەوەئەم قۆناخەسەختەتێپەڕێنین؟
مەسروور بارزانی: نزیكبوونی حكوومەت لە خەڵك ئەركە و پێویستە خەڵك متمانەی بە حكوومەت هەبێت و بە هیی خۆی بزانێت. پێموایە كێشەیەكی سەرەكی ئەوەیە كە خەڵك لە هەموو شت ئاگادار نییە. حكوومەت كەمتەرخەم بووە لەوەی بە راشكاوی هەموو كێشە و گرفت و بەرنامەی ئابووریی خۆی وەك پێویست بە خەڵك بگەیەنێت. پێویستە حكومەت لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری رای خەڵك بە هەند وەربگرێت. چارەسەركردنی گرفتەكانیش لەوەوە دەستپێدەكات كە دان بە هەڵەكاندا بنرێن و سیاسەتی ئابووری حكومەتی ئێمە لە سەرەتاوە دەكرا باشتر بێت و تەنیا پشت بە كەرتی نەوت و غاز نەبەستێت و كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازیش پێش بخات و ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری دروست كرابا. ئێستاش هاوكات لەگەڵ ئەو هەوڵە چاكسازییانە كە پێویستە بە بنبڕكردنی گەندەڵی دەستی پێبكرێت، زۆر گرنگە كە سیستەمێكی ئابووریی بەهێز لەسەر بنەمایەكی زانستی دروست بكرێت و خەڵك نەك تەنیا ئاگادار بێت، بەڵكو بەشدار بێـت.




