٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆنسووڵگەریی عەرەبستانی سعوودیا لە هەولێر دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دوای بەفەرمی كردنەوەی باڵیۆزخانەی شانشینی عەرەبیی سعوودیا لە بەغدا، چاوەڕوان دەكرێت بەم زووانە كۆنسووڵگەریی ئەم وڵاتە لە هەولێر بكرێتەوە.

لەمبارەیەوە (سامر ئەلسەبهان) باڵیۆزی شانشینی عەرەبیی سعوودیا لە بەغدا، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی كردەوە كە لەم رۆژانەدا بە شێوەیەكی فەرمی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا دەكرێتەوە و لە هەولێریش لە رێوڕەسمێكی شاییستەدا كۆنسووڵگەریی سعوودیا دەكرێتەوە.

(سەبهان) ئاماژەی بەوە دا كە لە دەستپێكی كاری دیپلۆماسییان لە عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و لە میانەی سەردانەكەیدا چەندین دیداری لە ئاستی باڵای سەركردایەتیی سیاسی و حكوومەت و پێكهاتەكان گرێ دا بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخی پێكهاتەكانی كوردستان و دووپاتكردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازانەی وڵاتەكەی .

جەختی لەوەیش كردەوە كە، هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرینگی لەلای شانشینی عەرەبیی سعوودیا هەیە، بە بەڵگەی ئەو پێشوازییە گەرمەی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرا لە میانەی سەردانیدا بۆ شانشینی عەرەبیی سعوودیا و دیداری لەگەڵ پاشا و بەرپرسانی ئەم وڵاتە.

ئەوەیشی دووپات كردەوە كە، وڵاتەكەی هەمیشە بە یەك چاو سەیری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق و كوردستان و ناوچەكە دەكات و گوتی، لە دیداریدا لەگەڵ پێكهاتەكان، پەیامی ئاشتی و برایەتیی شانشینی عەرەبیی سعوودیای گەیاندووەتە ئامادەبووان .

شیاوی باسە، لە 18ـی كانوونی دووەمی ئەمساڵ و دوای پچڕانێكی زۆر لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان عێراق و سعوودیا، (سامر ئەلسەبهان) وەك باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە بەغدا دەستبەكار بوو و لە یەكەمین سەردانیشیدا بۆ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیران و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستاندا كۆ بووەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار