"عێراق بووەتە بازاڕێكی مەترسیداری ساغكردنەوەی چەك"

هەولێر-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگەی كوردستان، نیگەرانە لە هاوكارییەكانی هێزی پێشمەرگە و دەڵێت: "پێشمەرگە هێزێكی نێودەوڵەتییە و دەبێت هاوكاریی زیاتری بكرێت".
(قادر قادر) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە محیوەری گوێڕ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی عێراق نەماوە و شكستی خواردووە، لە كاتێكدا دراوسێ و دۆستەكانی شتی پێ دەفرۆشن و لە رووی چەك و جبەخانەوە هاوكاری دەكەن، ئەوانیش بەداخەوە هەموو جارێك بۆ داعش بەجێی دەهێڵێن، لە كاتێكدا سالَێكە هەوڵ بۆ ئازادكردنەوەی ڕەمادی دەدەن، كەچی تازە بە تازە دەڵێن هێشتا بەشێكی ماوە ئازاد بكرێتەوە".
گوتیشی: "ئێمە چی لە حكوومەتی عێراق بكەین، ئەوان هەر ئازان بۆ بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان، بەڵام نایەن هاوكاریی پێشمەرگە بكەن، لە هەمان كاتدا ئێمە باش دەزانین ئەگەر بەدەست حكوومەتی عێراق بێت، نایانەوێت تا چوار ساڵی دیكە مووسڵ ئازاد بكرێتەوە، چونكە ناوێرێت و ناشیەوێت".
(قادر) دەشڵێت: "عێراق بووەتە بازاری ساغكردنەوەی چەكی وڵاتان، لەناو خۆیشدا بووەتە بازاڕێكی مەترسیداری چەك، واش باس دەكرێت كە لە ڕەمادی سوپای عێراق چەك دەفرۆشێتە داعش".
ئەوەیشی خستە روو: "دوای ئەو هەموو نەهامەتییەی عێراق، هێشتا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وا تێگەیەنراوە كە عێراقی یەكگرتوو باشە، گلەییشمان هەیە و ناكرێت پێشمەرگە حسابی حەشدی شەعبی بۆ بكرێت لە ڕووی هاوكارییەوە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی نێودەوڵەتییە ، بۆیە دەبێت چاو بە هاوكارییەكانی پێشمەرگەدا بخشێنرێتەوە".
كارزان سەباح




