٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی مامۆستایان مانگرتن رەت دەكاتەوە.. سێشەممە مووچە دابەش دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ: "بە هیچ شێوەیەك بڕیاری مانگرتنمان نەداوە، لەبەر ئەوەی ئەمە كێشەی مووچە چارە ناكات، بەڵام لە هەوڵداین كە گۆڕانكاری لە خشتەی نوێی مووچەی مامۆستایاندا بكرێت". ڕوونیشی كردەوە كە، بڕیارە رۆژی سێشەممە مووچەی مانگی یەكی مامۆستایان بەپێی خشتەی نوێ دابەش بكرێت.

(ئەحمەد گەرمیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەكو یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان هیچ بڕیارێكمان نەداوە كە مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیێنین و لەگەڵ مانگرتنیش نین، لەبەر ئەوەی چارەی كێشەكان ناكات و ئەوەی لێدوانێكیش بدات، رای فەرمیی یەكێتیی مامۆستایان نییە، لەبەر ئەوەی هەر بڕیارێك بدات مەكتەبی تەنفیزی كۆ دەبێتەوە و بڕیار دەدات و ئەوەمان یەكلا كردووەتەوە كە مانگرتن ناكەین".

(گەرمیانی) گوتیشی: "ئێمە لە خشتەی نوێی مووچە رازی نین و گوشار دروست دەكەین كە گۆڕانگاری تێدا بكرێت و رەنگە گۆرانكاریشی تێدا بكرێت و مووچەی مامۆستایان بەو شێوەیە نەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش مان ناگرین".

دەشڵێت: "بڕیارە رۆژی سێشەممە مووچەی مانگی یەكی مامۆستایان بەپێی خشتەی نوێ دابەش بكرێت، بەڵام هەوڵ دەدەین لە مانگەكانی داهاتوودا گۆرانكاری بەسەر خشتەكەدا بێت".

ئەمەیش لە كاتێكدایە، لێدوان بە ناوی یەكێتیی مامۆستایانەوە دراوە كە مامۆستایان مانگرتنی سەرتاسەری دژی خشتەی نوێی مووچە و دواكەوتنی مووچە رادەگەیێنن.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار