٢٧ تەرمی کۆچبەری کورد گەڕێندرانەوە ھەرێمی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- بەرەبەیانی ئەمڕۆ و لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تەرمی ٢٧ لەو کۆچبەرانەی مانگی رابردوو لە ئاوی ئیجەدا خنکان، گەڕێندرانەوە ھەرێمی کوردستان.
(نەزھەت حوسێن) بەرپرسی بەشی پەنابەر و ڕەوندی کوردی لە بەرێوبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "سەعات ٤:١٥ خولەکی ئەم بەرەبەیانە، تەرمی ٢٧کۆچبەری کورد کە لە مانگی رابردوو لە دەریای ئیجە خنکابوون لە رێگەی فڕگەی نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە گەڕێندراونەتەوە ھەرێمی کوردستان، کە ٢٠ لەوانە خەڵکی پارێزگای دھۆک بوون و یەکێکیشان خەڵکی چۆمان و دووانیشیان هی کۆیە و دوو کەسیش دەوروبەری ھەولێر و دووی دیکەیش خەڵکی سنووری سلێمانی بوون."
گوتیشی، بڕیار بوو دوێنێ ئەو تەرمانە بگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەھۆی نالەباریی کەشوھەواوە ڕۆژێک لە گێڕنەوەیان دواکەوت.
(نەزھەت حوسێن) گوتیشی، وەجبەی دیکەش ماوە بگەڕێندرێنەوە و ھەردوێنێیش دوو تەرمی دیکە دۆزراونەتەوە.
ڕوونیشی کردەوە، ئەو تەرمانەی گەڕێندراونەتەوە لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی) بووە.
بڵند ئیبراھیم




