مێدیای فهڕهنسا: بارودۆخ لەبارە كورد بڕیار بدهن

پاریس-KDP.info- دوای ئەوەی حەفتەی رابردوو مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بۆ جێبەجێکردنی ریفراندۆم ڕاسپارد و چەند رۆژ دواتر لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێم، بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا جەختی لەسەر راپرسی بۆ سەربەخۆییی کوردستان کردەوە و بە مافی ڕەوای گەلی کوردی ناو برد، بابەتی راپرسی بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان بوو بە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان.
مێدیاکانی فەڕەنسا و فەڕەنسی زمانی ئورووپا بە بایەخەوە پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستانیان خستە رۆژەڤەوە و، چەندین بابەت سەبارەت بەو پرسە لە مێدیاکانی فەرەنسادا بڵاو کرایەوە.
رۆژنامەی بەناووبانگی (LeFigaro) لە بابەتێکدا بە ناوی "ریفراندۆم لەسەر دەوڵەتێکی کوردی" ئاماژەی بە پەیامەکەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کودستان کرد و بڵاوی کردووهتەوە کە، کاتی ئەوە هاتووە کوردەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و ریفراندۆمێک بۆ سەربەخۆییی کوردستان ئەنجام بدەن.
ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم و شەڕی کوردەکان لە دژی داعش کردووە و لە بەشێکی بابەتەکەدا هاتووە، ساڵی 2016 سەد ساڵ بەسەر دابەشبوونی کوردستان بە بڕیاری سایکس-پیکۆ تێپەڕ دەبێ و، ئەگەری ئەوە هەیە لەو ساڵەدا و لە پاش سەد ساڵ کوردستان، سەربەخۆیی ڕابگەیەندرێ و بارودۆخەکە لەبارە بۆ ئەوەی کوردەکان لە ریفراندۆمێکی سەرانسەریدا بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.
بەشی فەڕەنسیی ماڵپەڕی (sputniknews) لە بابەتێکدا دەپڕژێتە سەر پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان و نووسیویەتی: "کاتی ئەوە هاتووە، کوردەکان ریفراندۆمێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کورد ئەنجام بدەن، مەرج نییە دوای بەرێوەچوونی ئەو ریفراندۆمە سەربەخۆییی کوردستان ڕابگەیەندرێ، تەنیا بۆ ئەوەیە کە نەتەوەی کورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و، جیهان ئاکامەکەی قبووڵ بکا کە کوردەکان کاری بۆ دەکەن.
لە دریژەی بابەتەکەدا ئاماژە بە چارەنووسی هەندێ وڵات لەوانە سکۆتلاند و کاتالۆنیا و کیبێک کردووە کە ئەو ڕێیە دەبڕن تا بە سەربەخۆیی بگەن و ،ئاماژەی بە ناوەرۆکی قسەکانی بارزانی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و قەیرانی ئابووری و پرسی نەوت باسی لێوە کراوە.
ماڵپەڕی (zamanfrance)یش لە بابەتێکدا ئاماژەی بە پەیامەکەی بارزانی کردووە کە داوای بەرێوەچوونی ریفراندۆم دەکا و نووسیویەتی: "کاتی ئەوە هاتووە کە کوردەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی جیهان ئەو ڕاستییە بزانێ کە سەرکردە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان خوازیاری چین و چییان دەوێ.
بابەتەکە بەشێک لە قسەکانی بارزانی بەمشێوەیە گوازتووهتەوە؛ "دەبێ خەڵکی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و ئەوە مافی ڕەوای خۆیانە و، بە بێ بڕیاردان سەربەخۆیی بەدی نایە.
بابەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دوای شەڕی کوردەکان لەگەڵ داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیویەتی کۆنترۆڵی بەشێکی زۆر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بکا کە جێی مشتومڕی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها پرسی نەوەت و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە بەبێ پرسی بەغدا، وەک قەیرانێکی ئابووری و چارەسەرنەکراوی نێوان هەولێر و بەغدا باسی لێوە کراوە و نووسیویەتی: ئەمە قەیرانێکی مەزنی ئابوورییە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە کاریگەری لەسەر بژیوی ژیانی خەڵکی کوردستان داناوە.
رۆژنامەی ئەلیکترۆنی (ledevoir) لە ڕاپۆرتێکی چڕوپڕدا باس لە پرسی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان دەکا و، پەیامەکەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە هەند وەرگرتووە و لەژێر رۆشنایی وتەکانی بارزانیدا، باس لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەکا.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991وە بە شێوەی سەربەخۆ لە لایەن کوردەکانەوە بەرێوە دەبردرێ و بارزانی سەرۆکی هەرێم رایگەیاندووە کە، کاتی ئەوە هاتووە گەلی کورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدا و بڵێ کە خوازیاری چییە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە کێشە سیاسی و ئابوورییەکان کردووە کە بەرۆکی حکوومەتی هەرێمی گرتووە، لەگەڵ ئەوەی کە ناوچەیەکە لە ڕووی سامانە سرووشتییەکان دەوڵەمەندە، بەڵام لەبەر خراپیی بارودۆخی ئابووری بە ناچار ڕووی لە وڵاتانی جیهان کردووە بۆ وەرگرتنی پارە بە قەرز و، بەم حاڵەشەوە هەتاکوو ئێستا توانایی ئەوەی نییە مانگانە مووچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکا و، چەند مانگێک مووچە دواخراوە. لەگەڵ هەموو قەیرانە ئابووری و سیاسییەکاندا پرسی ریفراندۆم لە رۆژەڤدایە.
دواتر ئاماژەی بە شەڕی دژی داعش کردووە و نووسیویەتی: لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییانە، کوردەکان سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم و دەیانەوێ هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی بنێن.
ئامادەکردنی؛ جەمال نەجاری-فەڕەنسا




