یەکگرتوو: پێویستە لایەنەکان ھاوکاری لیژنەی کاراکردنی حکوومەت و پەرلەمان بکەن
__2016_02_06_h21m13s52__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێ، ئێمە لەگەڵ ڕیفراندۆمداین، بەڵام پێویستی بە زەمینەسازی ھەیە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان ھاوکاری لیژنەی کاراکردنی حکوومەت وپەرلەمان بکەن بۆ ئەوەی کارەکانیان تەواو بکەن و کێشەکان چارە بکەن.
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (ھیوا میرزا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە پێمان وایە بۆ ڕیفراندۆم پێویستی بە زەمینەسازی ھەیە لە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی و ھەنگاو بەرەو ئابووری سەربەخۆ بنێین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتیش لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پتەو بکەین، بۆیە ئەمە ئێمە لە کۆبوونەوەی پێشوویشدا باسمان لەوە کرد پێویستە بۆ ڕیفراندۆم زەمینە خۆش بکرێت بە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و کاراکردنەوەی حکوومەت و پەرلەمان و ھەموو لایەنەکان لە ھەرێم یەکدەنگ ویەکهەڵوێست بن."
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتیشی، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند دەتوانین لە ماوەیەکی کورت ناوماڵی کورد ڕێک بخەینەوە و، ئاخۆ لیژنەی کاراکردنەوەی حکوومەت و پەرلەمان دەتوانێ لە ماوەیەکی کەمدا کارەکان بکات و، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی حکوومەت لەگەڵ بەغدا چۆن بووە؛ چونکە ڕیفراندۆم ئاواتێکە، بەڵام بارودۆخی سیاسی و ناوخۆیی تا چەند لە بەرژوەندیماندایە، ئەوە گرنگە.
(ھیوا میرزا) وتیشی، لیژنەی کاراکردنەوەی حکوومەت و پەرلەمان کۆبوونەوەی خۆیان کردووە و، سبەی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانتر دەکرێ؛ ھیوادارین ھەموو لایەنەکان ھاوکار بن بۆ ئەوەی لیژنەکە کارەکان تەواو بکات و، کێشەکانی چارەسەر بکات.
ڕاشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی سبەینێدا ئەو لیژنەیە داوا دەکات دەستەڵاتێکی زیاتریان پێ بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن حکوومەت و پەرلەمان کارا بکەنەوە.
جەختیشی کردەوە، کاری لیژنەکە بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی ھێشتا نەگەیشتوونەتە ئەوەی حکوومەت و پەرلەمان کارا بکرێنەوە.
بڵند ئیبراھیم




