٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەولێر..لیژنە بۆ چاودێریی بازاڕ و هەرزانکردنی کرێی خانوو پێک هێنرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیێنێ، چەند لیژنەیەكیان ڕاسپاردووە بۆ پێداچوونەوە بە نرخی بازاڕ و كرێی خانوو و سەرجەم كەرتەكاندا، بۆ ئەوەی توێژینەوە بكەن و ڕاوێژ بە لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن، ئینجا بڕیار دەدرێت.

پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: "قەیرانی دارایی کاری کردووەتە سەر هەموو کەس، بۆیە دەبێت كەمكردنەوەی نرخەكان وەكو یەك بەسەر خاوەن مڵك و فرۆشیاردا جێبەجێ بكرێت."

نەوزاد هادی ڕاشیگەیاند، داوایان لە فەرمانگەکانی باج کردووە بەرچاوڕوونییان پێ بدەن لەسەر کەمکردنەوەی کرێی خانوو. جەختیشی كردەوە كە نابێت کرێی خانوو و شوێنە بازرگانییەکان وەک جاران بمێننەوە.

هەروەها گوتیشی: "پێویستە خاوەن مڵکەکان ئەم دۆخەی ئێستا لەبەرچاو بگرن و، دەبێ ئەوانیش بەشێک لە بارگرانی ئەم دۆخە هەڵبگرن، چونكە ئەگەر نرخی شتومەك كەم بكرێتەوە، ئەوا بەشێك لە قازانجی شتومەكەكان كەم دەكرێتەوە، نابێ تەنیا بارگرانیی لەسەر فرۆشیار بێ، دەبێ كرێی دووكانەكەش كەم بكرێتەوە، لە كۆتاییدا خاوەن مڵكیش وەك هاووڵاتییەك قازانج دەكات".
 

هەواڵی پەیوەندیدار