ئەوقافیش پلانی چاکسازی و فکری و کارگێڕیی داناوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی دەڵێ، لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان پلانمان داناوە بۆ کەمکردنەوەیی خەرجییەکان و زیادکردنی داھاتەکان و، وەزارەتی ئەوقاف چاو دەخشێنێتەوە بەو خەرجە زۆرەی کە ھەیە.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباریی ئایینی دەستی کردووە بە چاکسازیی خۆی ھەروەک زۆربەی وەزارەتەکانی دیکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی قەیرانی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستانەوە.
(مەریوان نەقشبەندی) بەڕێوەبەریی پەیوەندییەکانی وەزارەتیی ئەوقاف و کارووباریی ئایینی بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە ساڵانە ٦ملیار دینار کرێی کارەبا دەدەین بۆ مزگەوت و کەنیسە و شوێنە ئاینییەکانی کوردستان ئەمە ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا دیاردەیەکی ئاسایی بووبێت کە بوودجەمان ھەبووە، ئێستا لەمەودوا زۆر زەحمەتە بۆ ئێمە بۆیە لە چوارچێوەی چاکسازییەکان ئەو پلانەی کەلە ھەموو وەزارەتەکان حکوومەت دەستی پێکردوە بۆ کەمکردنەوەیی خەرجییەکان و زیادکردنی داھاتەکان لەو چوارچێوەیە ئێمە چاوخشانەوە دەکەین بەو خەرجە زۆرەی کە ھەیە پلانێک دادەنێین بۆ ئەوەی کە ئەو پارە زۆرەمان نەیەتە سەر ساڵانە وەزارەتی ئەوقاف پارەکەی ئەدات، چونکە ھەم لە لایەکەوە کاریگەریی ھەیە لەسەر کارەبایی نیشتمانیی ھاووڵاتیان چونکە ئەمانە ھەمووی بەبێ بەرامبەرە و، چەندان ماڵیش کارەبایان لە مزگەوت و کەنیسەکان ڕاکێشاوە بەبێ سەعات و بەبێ بەرامبەر بەکاری دەھێنن؛ بەڵام تائێستا تەنیا پلانە و بڕیارێک نەدراوە چونکە ئێستا ئەم پلانە لە توێژینەوەدایە بۆ چۆنیەتی کەمکردنەوەی خەرجەکانە؛ لە وەزارەت ئێمە بابەتەکانمان زۆرن ئەمە بەشێکیەتی."
(نەقشبەندی) گوتیشی: "چەند چاکسازییەکی ترمان ھەیە کە ھەندێکیان فکرین و ھەندێکیان کارگێڕین، چاکسازییە فکرییەکان پێوەندی بە بەھێزکردنی توانای فکریی مامۆستایانی ئایینی ھەیە بە تایبەتی گوتارخوێنی مزگەوتەکانی کوردستان کە خولی بەھێزیان بۆ بکرێتەوە و بەشداری لە کۆڕ و کۆبونەوە بکەن، مامۆستایانی شارەزا لە بواریی (مافی مرۆڤ، زانستە ئیسلامییەکان و مافەکانی ئافرەتان) و، چەندان بواریی تر بۆ ئەوەی مامۆستا جگە لەو مەنهەجە فکریەی کە خۆی خوێندوویەتی چونکە تەنیا باسی ڕابردووە و ئێستا زەمان گۆڕاوە بتوانێت مەنهەجی تریش بخوێنێ بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێ، جگە لەمانەش ئێمە شەڕێکی دوورودرێژمان ھەیە لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا، زۆر پێویستە چونکە ئێمە لە ساڵانی (٢٠١٤ـ٢٠١٥) نزیکەی (٥٠٠) گەنجی کوردستان چووە ناو داعش، بۆیە مامۆستا یەکێک لە ئیشوکارەکانی ئەوە دەبێت وا ڕێنمایییان دەکەین کەوا ڕوونی بکەنەوە ئیسلام دوورە لە توندوتیژی و توندەڕەوی، بۆیە مامۆستایان ماوەیەکە دەستیان بەمە کردووە و ھۆکاری کەمبوونەوەی چوونی گەنجان بۆ ناو داعش ئەمەیە."
یەکێکی تر لە پلانەکانی وەزارەتی ئەوقاف (نەقشبەندی) باسی دەکات: "کردنەوەی بەشێک لە وەزارەتی ئەوقاف بە ناوی (گەشتیاریی ئایینی) ئێمە وا بەتەماین بە سەدان پەرستگای ئایینی (مسوڵمان، مەسیحی، ئێزیدی، جوو، زەردەشتی، بەھایی) ئەمانە ھەموو لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و نۆژەنیان دەکەینەوە ئامادەیییان دەکەین لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ ئەوەی خەڵک سەردانی بکات و، داھاتێک بێت."
ھەروەھا مڵکەکانی وەزارەتی ئەوقاف کە زیاتر (٦٥٠٠) مڵکمان ھەیە لە کوردستان مڵکی جۆراوجۆرە وەک (ھۆتێل، دووکان، بازاڕ، باڵەخانە، زەویی کشتوکاڵی و چەندانی دیکە) ئێمە ئەو مڵکانەش بەکار دەھێنین بۆ ئەوەی کە داھاتمان زیاد بێت و، بتوانین پشت بە خۆمان ببەسین و، کەمتر ئەرکمان بکەوێتە سەر بوودجەی گشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و، کەمکردنەوەی بەشێکی زۆر پۆستەکان لە وەزارەت و دامودەزگاکانی بۆ نموونە لەناو دیوانی وزەزارەتدا لە (٥٠%) بەڕێوەبەرایەتییەکان تێکەڵ دەکەین و، کەمیان دەکەینەوە بەو شێوەیە پلانەکانمان زۆرن ئەمە ھەندێکیانە.
(مەریوان نەقشبەندی) دەشڵێت: "ئێمە ئەو چاکسازیانە دەکەین بە دڵنیایی، چونکە وەزارەتی ئەوقاف وەزارەتێکی پەروەردیی ئایینیە پێشەنگی ھەموو وەزارەتەکانی تری ھەرێمی کوردستانە لە پێشی ھەمووان چاو لە وەزارەتی ئەوقاف دەکرێت."
فایزە پاڵانی




