٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنی پارتی، پشتگیری لە گەڕانەوەی سامانی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەكات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، داوا كراوە كە لیژنەیەكی نێودەوڵەتی دروست بكرێت بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە موڵك و سامانی بەرپرسانی عێراق لە دەرەوەی وڵات بكات، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش پشتگیری لەو پرسە دەكات.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا كراوە كە لیژنەیەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست بكرێت بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە سەروەت و موڵك و سامانی بەرپرسانی عێراق بكات لە دەرەوەی وڵات، لەبەر ئەوەی بەپێی زانیارییەكان سامانێكی زۆری بەرپرسانی عێراق لە وڵاتان هەیە" .

(سلێڤانەیی) گوتیشی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس لەو پرسە كرا و یەكێك لەوانەی قسەی لەسەر بابەتەكە كرد، گوتی كە حكوومەتی عێراق زەوییەكی زۆری لە وڵاتان هەیە و لە بانكەكان رەسیدی عێراقی گەلێك زۆرە، بۆ وێنە لە ئوردن عێراق یەكەم وڵاتە لە كڕینی زەویدا، بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت و ناكرێ بێدەنگی لێ بكرێت.

دەشڵێت، ئەو بڕیارە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و تەنیا پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە.

باسی لەوەیش كرد كە "ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری لەوە دەكەین ئەو لێكۆڵینەوەیە بكرێت و، بە هیچ شێوەیەك دژی نین، بۆیە لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوە دەكرێت لیژنەكە دروست بكرێت، بەڵام پێویستە لیژنەیەكی نێودەوڵەتی بێت نەك ناوخۆیی، بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر نەبێت و بە پارە قەناعەتی پێ نەكەن كە دواجار هیچ ئەنجامێكی نەبێت".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار