هاك-پار: پشتگیریی بارزانی ده‌كه‌ین

باكووری كوردستان-KDP.info- پارتی ماف و ئازادی (هاك-پار)، پشتگیریی خۆی بۆ هه‌وڵه‌كانی (سه‌رۆك بارزانی) له ئه‌نجامدانی ریفه‌راندۆم و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان دیار كرد و، رایگه‌یاند، كه ئێستا راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له باشووری كوردستان رۆژه‌ڤی هه‌موو گه‌لی كورده، چونكه وه‌كو هه‌موو گه‌لانی دونیا مافێكی ڕه‌وای گه‌لی كوردیشه.
هاك-پار له راگه‌یاندراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: ئێمه وه‌ك پارتی ماف و ئازادی، پشتگیریی خۆمان بۆ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان (مه‌سعوود بارزانی) بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان رادگه‌یێنین، چونكه وه‌كو هه‌موو گه‌لانی دونیا مافێكی ڕه‌وای گه‌لی كوردیشه. ئه‌و پێشنیازی به‌رێز (بارزانی) بۆ گشتپرسی و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان زۆر راسته و له شوێنی خۆیدایه، هه‌روها ره‌تكرنه‌وه و دژایه‌تیكردنی ئه‌م پێشنیازه، خزمه‌تی گه‌لی كوردستان ناكات، به‌پێچه‌وانه‌وه خزمه‌تی داگیركه‌ر و نه‌یارانی گه‌لی كوردستان ده‌كات. بۆیه پێویسته بزانرێت كه دژایه‌تیی گشتپرسی له كوردستان، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. هه‌روها ئه‌نجامدانی ئه‌م گشتپرسییه به‌رپرسیاره‌تی و ده‌رفه‌تێكی مێژوییه بۆ گه‌لی كورد و پێویسته كورد ئه‌م ده‌رفه‌ته له ده‌ست نه‌دات.
هاك-پار رایشیگه‌یاند: ئێمه ده‌بینین كه به تایبه‌تی ئێستا شه‌رت و مه‌رجی هه‌رێمی و ناوده‌وڵه‌تی گونجاون بۆ ئه‌نجامدانی گشتپرسی و، به‌رێز (بارزانی)یش ئه‌م یه‌كه ده‌بینێت و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه هه‌وڵ ده‌دات. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی (بارزانی) ئه‌رێنییه و هه‌روه‌ها پڕنرخ و به‌هایه. دڵنیاین كه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی (بارزانی) ده‌چێته ناو رووپه‌له‌كانی مێژوو و به پیته‌كانی زێڕین ده‌نووسرێن.
پارتی ماف و ئازادی گوتیشی: داخواز و ئاواتمان به تایبه‌تی له پارته‌كانی سیاسیی كوردییه و به گشتی له هه‌موو گه‌لی كورد له هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، كه گوێ به هه‌ڵوێست و گوشاری وڵاتانی دراوسێ نه‌ده‌ن و، به بیر و هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه خه‌بات بكه‌ن و، به یه‌كده‌نگی پشتگیریی هه‌ڵوێست و پێشنیازه‌كانی (سه‌رۆك بارزانی) بكه‌ن.




