٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەبێ مزایەدەی سیاسیانە بخرێنە لاوە؛ ئێستا کاتی ڕیفراندۆمە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆکی سەنتەری ھودا دەڵێ، دەبێت میللەتی کورد ئیرادەی بەھێز بێت بۆ سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و بوونەدەوڵەت؛ چونکە دەوڵەتمان پێ نادرێت بەڵکو دەبێت لێیانی بستێنین. هەروەک ئاماژیشی دا، کە زۆرینەی دەوڵەتانی جیهان ددان بە دەوڵەتی کوردستاندا دەنێن و، دەڵێ وەختیەتی ڕیفراندۆمەکە بکرێ.

دوای ئەوەی (سەرۆک بارزانی) لە پەیامێکدا لە 2/2/2016 ڕایگەیاند: "کاتی ئەوە ھاتووە و دەرفەتەکە لەبارە بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بە ڕیفراندۆم بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئێستا گەل بە پەرۆشەوە بەدەم ئەم پەیامەی سەرۆکەوە دێن و کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی سیاسییش وای لێک دەدەنەوە کە نابێ دەرفەتی ڕیفراندۆم لەکیس بچێ و، پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکەن."

هه‌نگاوی بوون به‌ ده‌وڵه‌ت له‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌یه‌
(محەممەد بازیانی) سەرۆکی سەنتەری ھودا بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕاستیدا کورد مافێکی ئاسمانی و زەوینیی ھەیە کە وەک ھەموو میللەتانی تر خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت و، ئەمە کارێکی سروشتییە؛ دەبێت ھەنگاو بنێین و ببینە دەوڵەت؛ بە بیروبۆچوونی من، ھەنگاوی سەرەکی لەوەدایە کە دەبێت ئەم ڕیفراندۆمە بکرێت، کاتی ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆم زۆر دواکەوتووە، دەبا زووتر بکرێت، بەڵام ئێستایش ھیچ نەبووە دەتوانین ڕیفراندۆم بکەین. بەپێی ئەو توێژینەوانەی کردوومانە زۆربەی دەوڵەتەکان ددان بە دەوڵەتی کوردستاندا دەنێن، بە مەرجێک ئەم ڕیفراندۆمە بە شێوازێک بکرێت چۆن کورد بە یەکدەنگ و بە یەکڕەنگ لە ساڵی 1991ـدا کۆچمان کرد، ھەموو بەیەکەوە لە دژی زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین، بە ھەمان شێوە ئەمجارەیش لەم ڕیفراندۆمەدا گەورە و بچووک ھەموومان ھەڵدەستین بە یەکدەنگ داوای ئەوە بکەین کە دەوڵەت مافی خۆمانە، چارەنووسی خۆمانە، سادەترین چارەنووسیش ئەوەیە کە ئێمە دەوڵەتمان ھەبێت، ئێستا کاتێکی زۆر لەبارە ئەگەر مزایەداتی سیاسی لێ بگەڕێت؛ خۆی دەبێ ئەو مزایەدە سیاسیانە بخرێنە لاوە، چونکە دوایی مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات؛ ئەگەر بێت و دژ بەم سەربەخۆییە بوەستنەوە. بە تایبەت ئیستا کە کاتێکی زۆر لەبارە بۆ ڕیفرندۆم و بوونەدەوڵەت."

(بازیانی) گوتیشی: "ھەموو توێژەرەکان ئەوانەی لە بابەتی ستراتیژی و دابەشبوونی ناوچەکەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای تێپەڕبوونی (100) ساڵ بەسەر بڕیاری سایکس‌-پیکۆدا گۆڕانكاری دێته‌ ئاراوه‌، له‌ زۆربەی توێژینەوەکان ئاماژەم بەوە کردووە کە (100) ساڵ تێپەڕیوە خۆی لە ڕاستیدا سایکس‌-پیکۆ بڕیارێکی ناشەرعی و دژ بە کورد و و دژ بە میللەتانی ناوچەکە بوو؛ ئیستا کورد هەقی خۆیەتی، چونکە (100) ساڵ ڕۆیشتووە بەسەر ئەو بڕیارەدا؛ لە ھەموو دنیایشدا سەد ساڵ کە دەڕوات بەسەر بڕیارێکدا، ئیتر ھەڵدەوەشێتەوە؛ زۆربەی توێژەران دەڵێن ئەمە پەیماننامە نەبووە، ئەمە ڕێککەوتنێک بووە لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا؛ کوردستانیش بەشی فەرەنسا بووە نەک بەشی بەریتانیا واتا لە بنەڕەتەوە ئێمە هەقی ئەوەمان ھەبووە دەوڵەت بین و، دەوڵەتەکەی شێخ مەحموودیش باشترین بەڵگەیە."

 

ئیرادەیەکی دەوڵەتە ھەرێمییەکانی دەوروپشتمان ھەیە کە ئێمە ببین بە دەوڵەت

(بازیانی) سەبارەت بە ئەو لایانە سیاسیانەی کە دەڵێن ئێستا کاتی ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆم نییە وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێ: "پرسیاریک ئاراستەی ئەم لایەنانە دەکەم کە دەڵێن ئێستا کاتی نییە، باشووری سوودان بوو بە دەوڵەت لە کاتێکدا کە ئێمە مافی دەوڵەتبوونمان زۆر زۆر بەھێزترە؛ لە ڕوانگەی ڕۆشنبیرییه‌وه‌ و پیاوی ئەکادیمیا و زۆر سەرکردەی زۆر بەھێز و لە ھەمان کاتدا حکوومەتمان ھەیە، ئاڵامان ھەیە، پەرلەمانمان ھەیە، کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆییمان ھەیە؛ ئەمانە بابەتێکن پەیوەندی بە ڕیفراندۆم و بوونەدەوڵەتەوە نییە، دەتوانرێت کاریان لەسەر بکرێت و کێشەمان نەمێنێت، ئەو ھەموو خێروبێرەی لە کوردستاندا ھەیە دەکرێت بە شێوازێکی ڕێکوپێک و، کاتێک کە دەوڵەت دەبیت دەتوانیت بە شیوازێکی گرانتر و نیودەوڵەتی بیفرۆشینەوە؛ ئەم قسانەی دەکرێن لە لایەن ھەر لایەنێکەوە بێت، ھیچ بنەمایەکی زانستی و ئەکادیمکی نییە.
دەوڵەت ھەیە زۆر زۆر ھەژارە، تا ئەم ساتەیش بە ھەموو ئەو ناخۆشیانەی تووشی کورد دەبێت لە زۆر دەوڵەتان باشترین، لە زۆربەی ناوچەکە و بەتایبەت لە قاڕڕەی ئەفریقا و ئاسیایشدا.''

(سەرۆک بارزانی) دەڵیت: "ئەگەر گەلی کوردستان چاوەڕێی ئەوە بێت خەڵکی تر مافی سەربەخۆیی وەک دیاری پێشکەشی بکات، ئەوە ھیچ کات سەربەخۆیی وەدەست نایه‌ت." لەم بارەیەوە (محەممەد بازیانی) بۆچوونی وایە: "ئەگەر ئیرادەی خۆیشمان کز بێت ئیرادەی نێودەوڵەتی ھەیە؛ ئیرادەیەکی دەوڵەتە ھەرێمییەکانی دەوروپشتمان ھەیە کە ئێمە ببین بە دەوڵەت، بەڵام ئێمە دەبێت ئیرادەی خۆمان بەھێزتر بێت، چونکە دەوڵەت نادرێت پێمان، خۆمان دەبێت بیستێنین. لەھەمان کاتیشدا بەرژەوەندیی زۆر لە دەوڵەتان ھەیە کە لەگەڵماندایە ئێمە دەوڵەتمان ھەبێت، یەکێک لەوانە دەوڵەتە عەرەبەکان زۆربەی زۆریان کە سوننەمەزھەبن و ئێستا حەز دەکەن کە کورد ببێتە دەوڵەت، تورکیا بەھەمان شێوە پێی خۆشە کورد دەوڵەتی ھەبێت.
بۆ ئێرانیش کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ھەیە، ئیران دەبێت مامەڵە لەگەڵ بە دەوڵەتبوونی کوردستان بکات، چونکە بەرژەوەندییەکی زۆری لە کوردستاندا ھەیە؛ بڕوام وایە ئەم دەوڵەتە ئەگەر دروست بێت عێراقیش قازانجی خۆی لێ دەکات وەک دراوسێیەک؛ بەڵگەی دروستبوونەکەی ئەوەیە سنووری کوردستان دیارە."

فایزە پاڵانی

هەواڵی پەیوەندیدار