تەرمی ٢٥ کۆچبەری دیکەی کورد دەگەڕێندرێتەوە ھەرێم

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ڕۆژی شەممە تەرمی ٢٥ کۆچبەری دیکەی کورد بگەرێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کە مانگی ڕابردوو لە ئاوەکەی ئیجەدا خنکابوون.
بەرپرسی بەشی پەنابەران و ڕەوەندی کورد لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران (نەزھەت حوسێن)بەماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە ڕۆژی شەممە تەرمی ٢٥کۆچبەری دیکەی کورد بگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کە ٢٢/١/٢٠١٦ لە ئاوەکەی ئیجەدا خنکابوون؛ ٢٠ کەسیان خەڵکی پارێزگای دھۆکن و، پێنجەکەی دیکەیان خەڵکی سلێمانی و ھەولێرن.
(نەزھەت حوسێن) گوتیشی، تەرمی ئەو ٢٥ کۆچبەرەی کورد لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
٢٢/١/٢٠١٦ لە ئاوەکەی ئیجەدا دوو بەلەم بە ٧٠ کۆچبەری کوردەوە وەرگەڕا و، هەر ھەشت کەسیان لێ ڕزگار بوو، ئەو باقییەکەیان خنکان؛ هێشتا تەرمی بەشێکیان نەدۆزراونەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




