٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاكسازییەكانی حكوومەت و هاوسەنگكردنی مووچە، لە بەرژەوەندیی خەڵكدایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بڕیاری حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات، لە بەرژەوەندیی حكوومەتدایە و هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ و كەمكردنەوەی نرخیش، لە بەرژەوەندیی مووچەخۆراندایە؛ (د.نووری عوسمان) وایگوت.

حكوومەت بڕیاری داوە خەرجی كەم بكاتەوە و داهات زیاد بكات لە پێناوی بەرزكردنەوەی بوودجەی حكوومەت و دەربازبوون لە قەیرانی دارایی. (د.نووری عوسمان) بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و پەیوەندی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەت بە كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات، قازانج دەكات، چونكە دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان داهات و خەرجیدا دروست بكات كە لە ماوەی رابردوودا خەرجی زۆر لە داهات زیاتر بووە، بۆیە لەم بڕیارە بە پلەی یەكەم حكوومەت قازانج دەكات و سەرجەم سێكتەرەكان دەبووژێنێتەوە هەر لە كەرتی خزمەتگوزاری تا كەرتەكانی دیكە".

گوتیشی: "ئێستا حكوومەت كۆمەڵێك رێكاری تایبەتی دیاری كردووە بۆ ئەوەی هەموو مانگێك مووچەی فەرمانبەران بەپێی داهات بدات كە حكومەت بیری لەوە كردووەتەوە ئەم بژاردەیە زۆر باشترە لەوەی نەتوانرێت بە سێ مانگ جارێك مووچە دابەش بكرێت، لێرەوە حكوومەت بیری لەوەیش كردووەتەوە كە  بەپێی خشتەی دابەشكردنی مووچە، مووچەی فەرمانبەران كەم دەبێتەوە، بەڵام لەملایشەوە حكوومەت بڕیاری دابەزاندنی نرخی هەندێك پێداوستی داوە كە راستەوخۆ پەیوەندی بە خەڵكەوە هەیە، لەوانە كرێی خانوو و گواستنەوە و هاتوچۆ و كاڵاو كەلوپەل و نۆرینگە و هێڵەكانی ئینتەرنێت كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە خەڵكەوە هەیە".

دەشڵێت: "زۆر گرینگە لە بڕیارەكانی حكوومەت لەبارەی پاشەكەوتی مووچەوە هاوسەنگی لە نێوان مووچە خۆرانی پەلەنزمەكان و پلەباڵان وەك یەكی لێ بكرێت، چونكە ناكرێت فەرمانبەرێكی پلەباڵا بیست بەرانبەری پلەنزمێك مووچە وەربگرێت".
ئەوەیشی خستە روو: "ئەو مووچانەی فەرمانبەران كە لەلای حكوومەت ماون، وەك پاشەكەوت بۆیان دەخرێتە سەر حساباتی بانكی و لە كاتی هەبوونی بوودجەی پێویست، دەدرێتەوە بە فەرمانبەران".

هه‌ر پێوه‌ست به‌م پرسه‌، (شوان شێخ ئەحمەد) پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەك فراكسیۆنی پارتی پشگیریی كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكان دەكەین و، ساڵی پاریش پێشنیازی ئەوەمان كرد كە هاوتاكردنی مووچە لە نێوان فەرمانبەراندا وەك یەكی لێ بكرێت، چونكە ناكرێت مووچەی پلەباڵا بیست بەرانبەری مووچەی فەرمانبەران بێت، داوایش لە حكوومەت دەكەین پابەند بێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانەوە".

گوتیشی: "ئێمە داوا دەكەین كە حكوومەت بە شێوەیەكی خێرا هەر كاتێك بوودجە هاتە بەردەستی، پاشەكەوتی مانگەكانی ساڵی 2015ـی فەرمانبەران بداتەوە".

كارزان سەباح
 

هەواڵی پەیوەندیدار