"پێویستە هەموو لایەنەكان لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا هاوكار بن"

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر لەم قۆناغەدا كەسێك خەمخۆری گەلی كورد بێت و بیەوێت ئەو نەتەوەیە بەرەو ئاسۆیەكی رووناك ببات، (سەرۆك بارزانی)ـیە، بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمدا هاوكار بن، بۆ ئەوەی لەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكەدا دەكرێن، سوودمەندی یەكەم بێت.
(موسڵیح رەجەب)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەك كورد پێویستە هەموو هەنگاوێك بنێین بۆ ئەوەی بتوانین بە هیوا و ئاواتەكانی خۆمان بگەین، راستە كۆمەڵێك كێشە لە هەرێمی كوردستاندا هەن و هەرێم بە قەیرانی داراییدا تێپەڕ دەبێت و لە شەڕێكی سەختیشدایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، بەڵام وەك ڕیفراندۆم كە (سەرۆك بارزانی) پەیامێكی لەبارەیەوە راگەیاند، بە دڵنیایییەوە پشتگیری لێ دەكەین و هیوادارین هەموو لایەنەكان پشتگیری لە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم بكەن بۆ ئەوەی كورد لەو قۆناغەی ئێستادا بە سەلامەتی تێپەڕ بێت و بە ئامانجەكانی خۆی بگات، بەڵام بەداخەوە وەك دەبینین هەندێك لایەن لەناو هەرێمی كوردستاندا بە هەڵە لە ڕیفراندۆم دەگەن، كەچی ئەوە مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، ك بە ئامانجەكانی خۆی بگات و ببێتە دەوڵەت".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیست دەشڵێت، ئەگەر لەم قۆناغەدا كەسێك خەمخۆری گەلی كورد بێت و بیەوێت ئەو نەتەوەیە بەرەو ئاسۆیەكی رووناك ببات، (سەرۆك بارزانی)ـیە، بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمدا هاوكار بن و بەردەوام گۆێڕایەڵی فەرمانەكانی بن بۆ ئەوەی كورد سوودمەندی یەكەم بێت لەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكەدا دەكرێن، چونكە ئەمڕۆ هەموو گەلی كورد پێویستیان بە (سەرۆك بارزانی) هەیە.
رابین شێروانی




